بایكۆتی سلێمانی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پرۆژه‌ی یه‌كێتی و گۆڕان كۆتایی هات

خواكوڕك

مامۆستایانی سلێمانی ماوه‌ی دوو مانگ ده‌رگای هۆڵه‌كانی خوێندنیان داخست به‌مه‌به‌ستی داواكاری بۆ باشتركردنی ره‌وشی ژیان و گوزه‌رانیان، به‌ڵام له‌ئێستادا بایكۆت كۆتایی هات و جگه‌له‌ بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ هیچ شتێكی دیكه‌یان بۆ نه‌كراوه‌.

ناڕه‌زایه‌تی مامۆستایانی سلێمانی، كێشه‌یه‌كی زۆری بۆ پرۆسه‌ی خوێندن له‌و ده‌ڤه‌ره‌ دروست كرد، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ وه‌زاره‌تی دارایی چه‌ندین بڕیاری له‌باره‌ی دابین كردنی بڕه‌ پاره‌یه‌كی تایبه‌ت و سزای ده‌وام نه‌كردنی دا، به‌ڵام ئه‌مانه‌ هیچیان نه‌بوونه‌ هۆكار بۆ شكاندنی بایكۆت.

چاودێرانی سیاسی پێیانوایه‌، مه‌ته‌ڵێكی دووباره‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تی مامۆستایانی سلێمانی به‌دی ده‌كرێت، ئه‌ویش هه‌مان ئه‌و ئاراسته‌ سیاسیه‌یه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ ده‌ستی گرتووه‌ به‌سه‌ر هه‌موو داواكاریه‌ ره‌واكانی خه‌ڵك له‌ سلێمانی.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێن، شكاندنی بایكۆت و ده‌سپێكردنه‌وه‌ی خوێندن ته‌نها فشارێك بوو بۆ سه‌ر حكومه‌ت و نمایشێك بوو له‌به‌رده‌م رای گشتی، تاوه‌كو یه‌كێتی و گۆڕان بتوانن به‌ خێرایی به‌شی كورد له‌ پرۆژه‌ بووجه‌ی عێراق تێپه‌ڕێنن.

به‌ڕای چاودێران نه‌بوونی هیچ ده‌سكه‌وتێكی گره‌نتی بۆ مامۆستایان و شكاندنی بایكۆت له‌م كاته‌دا، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی به‌شه‌ بووجه‌ی كورد له‌به‌غدا، كه‌به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ سایه‌ی پرۆژه‌كه‌ی یه‌كێتی و گۆڕان و كۆمه‌ڵ، كورد هیچی به‌ده‌ست نه‌هێنا له‌پرۆژه‌ یاسای 2017ی عێراق.

Back to top button