گرانی بەنزین ، شەقامی شارەکانی ئێرانی هەژاند

 

رۆژێک لە دووای سێ قات گران بوونی بەنزین لە ئێران ، خەڵکی شارەجیاوازەکانی ئێران ڕژانە سەرشەقامەکان و خۆپیشاندانەکان لە دژی دەسەڵاتدارانی ئێران دەستی پێکردەوە .

 

بە پێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو بوونەتەوە خۆپیشاندانەکان بە تایبەت لە شارەکانی رۆژئاوای ئێران و پارێزگای خوزستان بە شێوەیەکی بەربڵاو دەستی پێکردووە .

 

تا ئێستا ڤیدیۆی ناڕەزایەتی شارەکانی ئەهواز ، ماهشەهر ، ئۆمیدیە و بێهبەهان نیشانی دەدات خەڵک دروشمی دژی حکومەتی دەڵێنەوە .

 

دانیشتوانی ئەهواز هاوکات هەموو ئۆتۆمبیلەکانی خۆیان کوژاندۆتەوە و بەنزین ناکڕن .

 

لەشارەکانی رۆژئاوای ئێرانیش وەک گەچساران لە پارێزگای کۆهکیلۆیەو بویرئەحمەد ناڕەزایەتیەکان توند و تیژیان لێ کەوتۆتەوە ، لە شاری سیرجان لە پارێزگای کرمانیش خۆپیشاندانەکان ڕوو لە گشتگیر بوون دەکات .

Back to top button