نێچیرڤان بارزانی: داعش دەڕوا و تەواو دەبێت، بەڵام ده‌بێت بەرەنگاری بیر و ھزری داعشیانە ببینەوە

خواكوڕك

نێچیرڤان بارزانی رایده‌گه‌یه‌نێت، “ئەوەی ترسناکە و بە چەک و بارووت لەناو ناچێت، بیر و ھزری ڕەش و تاریکی داعش و داعشییەکانە، کە زۆر لە تاوان و، لە کردەوە قێزەوەنەکانی مەترسیدارترە”.

رۆژی سێ شه‌ممه‌ 13/12/2016 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان له‌میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی لێبووردن و پێکەوەژیان رایگه‌یاند، “شکاندن و نەھێشتن و بنبڕکردنی تیرۆر، تەنھا بە شکستپێھێنانی ھێزی سەربازیی تیرۆرستان نابێت”.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت، “داعش دەڕوا و تەواو دەبێت، بەڵام ئەگەر بەرەنگاری بیر و ھزری داعشیانە نەبینەوە، ئەگەر ڕەگ و ڕیشەی ئەو بیرە تاریکانە لە بنەوە نەبڕین کە پێرێ قاعیدە و، دوێنێ ئەنسار و، ئەمڕۆش داعشیان بەرھەم ھێنا، ئەوە بنەبڕ نەکەین، ئەوا بێگومان سبەی ھەمان دەعبا بە ناوێکی دیکە و، دووسبەیش ھەمان بەڵا لە بەرگێکی دیکەدا دەردەکەون”.

سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌باره‌ی پێكه‌وه‌ژیانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌ڵێت، “ئەم پەیوەندییە درێژخایەن و مێژوویییە، بنەمایەکی پتەوە بۆ بەرپاکردنی ئاشتی و پێکەوەژیان لە کوردستان. ھەر لەم ڕوانگەیەوە کۆمەڵگەی کوردستان لە ڕووی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەوە بۆتە خاوەن خێزانێکی ناوازە و جوان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست”.

بارزانی رایده‌گه‌ینێت، “ئەزموونی سەرکەوتووی پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان بۆتە جێگای باس و سەرنجڕاکێشانی جیھان و، لە زۆرێک لە ناوەندەکانی میدیا و سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە، ڕەنگی داوەتەوە. یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی پشتگیری و بەرگریکردن و پاراستنی کوردستانیش لەلایەن ھاوپەیمانان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، ئەم کەلتوورە و ئەم پێکەوەژیانە بووە”.

Back to top button