پارتی: بەسەربەرزی دەگەرێنەوە كەركووك و بارەگاكانمان وەردەگرینەوە
دوای خیانەتی رەشی 16ی ئۆكتۆبەر و فرۆشتنی ئەو شارە لەلایان گروپێكی ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان بایكۆتی پرۆسەی سیاسی و ئیداری كرد لەم شارە و ئەمری واقیعی سەپاوی سەر شارەكەی رەتكردەوە، كۆمەڵێك مەرجی دانا بۆ گەرانەوەی بۆ كەركووك.
بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو بارەیەوە رایگەیاند” تاخیر بوونی وەرگرتنەوەی بارەگاكان و ئاسایی كردنەوەی دۆخی شاری كەركووك، بەهۆی ئاڵۆزی و خۆپێشاندانەكانی بەغدا دوا كەوتووە، بۆیە چاوەرێ دەكەین كە دوای ئەم دۆخە جارێكی تر بچینەوە دانووستاندن و بارەگاكانمان و دۆخی شارەكە ئاسایی بكەینەوە”.
د.محەمەد قورشید بەرپرسی لقی سێی پارتی لە كەركووك بە ماڵپەری فەرمی پارتەكەی راگەیاندووە”دانوستانەکان لەبارەی ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتیمان لە سنووری کەرکووک بەردەوامە، ئەویش پەیوەستە بەو لیژنەیەی ھەرێمی کوردستان کە دانوستان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی دەکات، بڕیاربوو لە مانگی ڕابردوودا ھەنگاو بۆ ڕادەستکردنەوەی بارەگاکان بنێن، بەڵام ئاڵۆزبوونی ڕەوشی عێراق کاریگەریی کردە سەر بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا.”
هەروەها بەرپرسەكەی پارتی ئەوەشی بە ماڵپەری فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە”لە کەرکووک ٣٠ بارەگای پارتی، کە سێ لەو بارەگایانە سەرەکین، داگیر کراون و پێشتر بڕیاری ڕادەستکردنەوەیان لە لایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچووە.”
لەبارەی ئاسایی بوونەوەی دۆخی بەغدا و دانووستاندنەكان لە سەر كەركووك ئەم بەرپرسەی پارتی دەشلێ”لەگەڵ ئاساییبوونەوەی ڕەوشی عێراق دانوستانەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا دەست پێ دەکەنەوە، یەکێک لەو پرسانەش ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری کەرکووک دەبن.”