ئایا ترەمپ سیخورێكی رووسیە، یان گەمژەیەكی سیاسیە

رێكان سەباح 

روانگەی ترەمپ بۆ ناوەخۆی ئەمریكا تێپەراندنی نوخبەی دووبارەكانی سیاسیی ئەمریكایە، چونكە پرسیارێك لە ئەمریكا دا دروست ببوو، كە وەڵامیان دەست نەدەكەوت لەلایان ئەو سیاسیە كۆنانەی كە لەناو ناوەندەكانی ئەمریكادا بۆ سەركردایەتی ئەو وڵاتە ئاراستە دەكران، بۆیە بازرگانێكی سەركێش لەناو ناخی ئەم كۆمەڵگەیە، وەك وەڵام بەدەستێك هەموو سیاسیەكانی تێپەراندوو گەیشتە كۆشكی سپی، بەڵام ئەوەی ئەو بازرگانە سەركێشە دەیكات، كۆمەڵێك پرسیار دروست دەكات”.

روانگەی ترەمپ بۆ ناوەخۆ 

روانگەی ترەمپ بۆ ناوەخۆ ئەمریكا تەواو لە چوارچێوەی رسمی داواكاری خەڵك دایە، واتا ترەمپ زۆر ئاقلانە هەنگاو بۆ ئەو راستەرێیە  دەنێك كە كۆمەڵگە نەخشاندوویەتی، هەر بۆیەش ترەمپ دەستی بۆ تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بردووە بەئاراستەی داخوازی و سیاسەتێكی پۆپۆلیستانە، پێناسەی سیاسەتی خۆی لەم ئیدارەیە دەكات، ئەوەشە وای كردووە كە هیچ كەس نەتوانێت سەردەربكات لە پەیامەكانی و هەر كاتژمێرێك بە شێوەیەك بكەوێتە بیركردنەوەییەكی پێچەوانەی ئەوەی تر، بۆیە گەیشتن بەوەی ئاخۆ ترەمپ ئەم شێوازە سیاسیە كە هەموو هەنگاوەكانی راست نین؟ نەخێر چونكە لەناو كۆمەڵگەی ئەمریكی پرسیار لە پۆلیسبوونی ئەمریكا لە جیهاندا دەكرا، بێگومان رای گشتی ئەمریكا لەم پۆلیس بوونەی ئەمریكا بۆ جیهان زۆر بێ زار بوون، بۆیە پرسیاری ئەوەی بۆچی سەربازێكی ئەمریكا لەو پەری رۆژئاوا تا ئەو پەری رۆژهەڵات و باكور و باشوری دونیا دەكوژرێت؟ وەڵام ئەو پرسیارە بەتەواوی دەست نەدەكەوت لەلایان ئەو مۆدێلە سیاسیە كە لەپێشتردا نەخشەی سیاسەتی ئەمریكایان دەكرد، بۆیە ترەمپ كە لەناوەخۆی ئەمریكادا سەری دەركرد توانی بەئاراستەی داخوازی داواكاریەكانی خەڵك و وەڵام دۆزینەوە، هەنگاو بۆ كۆشكی سپی بنێت، لەسەر ئاستی ناوەخۆی و ئیداریی ئیدارەی ئەم كابینەیە، بەتەواوی هەنگاوێكی راستن، بەڵام ئەمە بەسە بۆ ئەمریكا؟ ئایا خەڵكی ئەمریكا كە خۆیان بە زڵهێزی جیهان دەبینن بیر لەوە ناكەنەوە، هۆكاری زڵهێزی جیهانی ئەمریكا لە پێناسەی بە پۆلیس بوونی ئەمریكایە؟ ئایا تا چەند قبوڵ دەكات لەپێناو گەران بەدوای وەڵام بۆ ناوەخۆ، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بێ متمانە و بێ ئەرزش دەكات؟ ئەوانە هەموو ئەو پرسیارانەن كە دەبێت ترەمپ بیری لێ نەكردبێتەوە؟

ترەمپ كۆماریەكی پێچەوانەیە

دۆناڵد ترەمپ رێك پێچەوانەی ئەو وێنەیە بووە كە رسمی كۆماریەكانی كردووە لە ئەمریكا ، بەردەوام گرینگی بە سیاسەتی دەرەوە دەدەن، واش ناسراون كە كۆماریەكان سیاسەتی دەرەوە و سەروەری ئەمریكا بەلای ئەوانەوە رەقەم یەكی سیاسەت بووە، رێك پێچەوانەی دیموكراتەكان كە وا بەناو دەكرێت سیاسەتی رەقەم یەكی ئەوان ناوەخۆی ئەمریكا بووە، بەڵام ئەوەی لە ترەمپ دەبینرێت و رێك پێچەوانەی سەد لەسەدی كۆماریەكانە، ئەوەندەی بۆ ترەمپ سیاسەتی ناوەخۆ و داخوازی ناوەخۆ گرینگە سیاسەتی دەرەوە ئەهمیەتێكی ئەوتۆی نەبووە، ئەمەش نەخشەی كلاسیكی سیاسی ئەمریكای تەواو پێچەوانە كردۆتەوە، هەر بۆیەش ئەم گۆڕانكاریە لە سیاسەتی ئەمریكا بۆتە جێگای سەرنجی هەموو دونیا، هەموو دونیاش لەم ئاڵوگۆڕچێیەی ئەمریكا لە سیاسەتدا ترسی لێ نیشتوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەم گۆڕانكاریە سەر لە كوێ دەردێنێت؟ ئەم پرسیارە پرسیارێكی گشتگیری هەموو جیهان و خودی ئەمریكیەكانیشە.

ترەمپ لە سیاسەتی دەرەوەدا بەدوای چیەوەیە

لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا ترەمپ سێ وێنەی جیاوازی پێشاندا، كە بریتی بوون لە تووند كردن و نەرم كردنەوەی پەویوەندیەكانی لەگەڵ كۆریایی باكور، هەروەها پاشەكشە لە رێكەوتنی ئەتۆمی كە بە رێكەوتنی پێنج زائید یەك ناسراوە، لەگەڵ ئێران، دواین بریاریش كە جیهانی تووشی شۆك كرد پاشەكشەی ئەمریكا لە سوریا، ئەم سێ وێنە رووتەی ئەمریكا لە مناقەشەی جیهاندا بۆتە سەرنجێكی گشتگیر و باس و خواسێكی زۆر، ئەم هەنگاوانەی ترەمپ لەكوێوە دێت؟ ئەوە ئەو پرسیارەیە، كە زۆر تا كەم گوتراوە و دەگوترێت كە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ لە ئاستی دەرەوە لەژێر هێڵی سیاسەتی ناوەخۆ  ئەمریكا دا مەڵە دەكات، واتا ترەمپ بۆ وێنای كەسێكی جیاواز لە ئەمریكا بۆ ناوەخۆ ئەم سیاسەتە سەر دەردەكات، بەڵام ئایا ئەم تێكەڵكردنەی ترەمپ چی تێدا دەچێنرێت و دەدوورێتەوە، بەگوێرەی دەنگە نارازیەكانی ناوەخۆی ئەمریكا لە ترەمپ، سەروەری ئەمریكا و پاشەكشەی سیاسەتی ئەمریكا لە ئیدارەی ترەمپ لە ئاستی جیهان بۆتە بابەتێكی مەترسیدار، چونكە دواجار لە پاشەكشەی ئەمریكادا، هاوكێشەیەكی تەواو رەش و سپی دێتە پێش ئەویش پاشەكشەی سیاسەتی ئەمریكا لە ئیدارەی ترەمپ یەكسانە بە بەهێز بوونی دوژمنانی ئەمریكا لە جیهان، وەك پاشەكشەی ترەمپ لە سوریا یەكسان بوو بە بەهێز تربوونی رژێمی بەشار ئەسەد و روسیا و ترس لە هەنگاوەكانی ترەمپ هەیە بۆ بەهێزی بوونەوەی رووسیا و زیاتر فرەوان بوونی لە ئاستی دونیا”.

ئەنجام 

لەسەر ئاستی ناوەخۆی دا هەموو تۆمەتێك لە نەیارانی بۆ ترەمپ دەستی بۆ دەبرێت تا ئاستی ئەوەی بەترەمپ بگوترێت، ترەمپ سیخورێكی رووسیە، مخابەراتی رووسی لە بەرژەوەندی ترەمپ ئاراستەی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكای لە قازانجی ترەمپ دا گۆڕی، جگە لە چەندین تۆمەتی تر وەك گەمژەیەی سیاسی وێنای ترەمپیان كرد كاتێك گوتی كورد هاوكاری ئەمریكای نەكردووە لە شەڕی جەنگی جیهانی دا، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا ترەمپ سخوری رووسە یان گەمژەیەكی سیاسیە؟ با ئەم پرسیارە لە ئەنجامی سیاسەتی ترەمپ لە داهاتوو دا بخرێتە روو، كە ئایا سیخورە یان گەمژە.

Back to top button