كاتی دادگایی كردنی میدیامخابەراتیەكانی سلێمانی هاتووە و سەرۆكایەتی داواكاری گشتی و حكومەت دەیاندەنە دادگا
دوا بەدوای ئەوەی سایتێكی ئەمریكی هەواڵێكی پڕ لە چەواشەكاری بڵاو كردەوە كە سەرچاوەكەی لەكوردستانەوەیە، كە ناوی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لكێنراوە بە كڕینی ڤێلایەك، سەرۆكایەتی داواكاری گشتی و سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین رۆژنامە و سایت رووبەرووی دادگای دەكەنەوە”.
لەو بارەیەوە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی لە روونكردنەوەیەك كە ئەمرۆ دووشەممە 18ی 11ی 2019 بڵاو كراوەتەوە، تێیدا هاتووە، چەند ماڵپەڕ و ڕۆژنامەیەکدا هەواڵێکی ناڕاست بڵاو کراوەتەوە کە گوایە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی بەدواداچوون لەبارەی کڕینی ڤێلایەک لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
هەر لە روونكردنەوەكەدا هاتووە” هاوکات جەخت کراوەتەوە کە بەهیچ شێوەیەک سکاڵا و بابەتی لەم جۆرەیان بەدەست نەگەیشتووە و کاریان لەسەر نەکردووە، ئەم هەواڵانەشی بە “دوور لە ڕاستی” وەسف کرد، هەروەها سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی ئەوەشی راگەیاندووە کە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بەم ماڵپەڕ و ڕۆژنامانە دەگرنە بەر کە ئەم جۆرە هەواڵانەیان بڵاو کردووەتەوە و بوونەتە هۆکاری لەکەدارکردنی دەزگاکانیان.
هەر لەبارەی ئەو دەنگۆ ناراستانە نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای گەیاندبوو: ”لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، هەواڵێکی ناڕاست لە سایتێکی ئەمەریکی بڵاوکرابوویەوە و بە شێوەیەکی ناڕەوا، ناوی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بابەتی کڕینی ڤێلایێکەوە لکێندرابوو، ئەوەشی ئاشکرا کرابوو کە هەندێ سایت و میدیای ناوخۆ ”بە شێوەیەکی چەواشەکارانە“ پەرەیان بەو هەواڵە ناڕاستە داوە.
لەبارەی ئەو هەواڵە سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێكاری یاسایی دەگرێتە بەر و لەو بارەیوە نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت جەختی كردۆتەوە کە سەرلەبەری هەواڵی ماڵپەڕە ئەمریکییەکە ڕەت دەکەنەوە و رێکاری یاساییش بەرامبەر بەو چەواشەكارییانە دەگرنە بەر”.