مه‌لا به‌ختیار كۆتا وه‌ڵامی شازاده‌كه‌ی یه‌كێتی ده‌داته‌وه‌

خواكوڕك

ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ 13/12/2016 مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی له‌ كورته‌ وه‌ڵامێكدا رایده‌گه‌یه‌نێت، “بۆ پاراستنی كه‌رامه‌تی سیاسی خۆم‌و دیسپلینی یه‌كێتی، بێده‌نگی‌و بێهه‌ڵوێستی.. به‌شه‌رمه‌زاری ده‌زانم!!”

مه‌لا به‌ختیار له‌ نوسینێكیدا له‌ ژێرناونیشانی “قسه‌ی قورسم زۆره‌ له‌به‌رامبه‌ر قسه‌ی سوك” ده‌ڵێت، “ئێستا.. كه‌ مام جه‌لال نه‌خۆشه‌، جێی داخه‌، ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ میراتگری حیزبه‌كه‌ی مام جه‌لال ده‌زانن.. له‌سه‌رئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین‌و گرنگترین كۆنگره‌ی حیزبه‌كانی دونیاو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌سلێمانیدا، رێكده‌خه‌ین، وه‌كو ده‌ستخۆشیمان لێناكه‌ن”

ده‌قی وه‌ڵامه‌كه‌

جارێ‌ ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم:
قسه‌ی قورسم زۆره‌ له‌به‌رامبه‌ر قسه‌ی سوك

ساڵی (2006) هه‌ڤاڵێكی سه‌ركردایه‌تی، له‌ ئیزگه‌یه‌كی لۆكاڵی سۆران، ره‌خنه‌ی له‌ من گرتبوو له‌سه‌ر كێشمه‌كێشه‌كانی ناوخۆی ئه‌وسای یه‌كێتی. مام جه‌لال بیستبوی. هه‌ڤاڵی ره‌خنه‌گری بانگ كردبوو، بۆ لێپێچینه‌وه‌، كاتێك هه‌ڤاڵه‌كه‌ ده‌گاته‌ لای مام، به‌ رێكه‌وت به‌رێز فاروقی مه‌لا مسته‌فا له‌وێ‌ ده‌بێ‌‌و مام جه‌لال به‌ره‌خنه‌گره‌كه‌ی وتبوو: به‌ چ هه‌قێك، ره‌خنه‌ له‌ ئیزگه‌، ئه‌ویش له‌سنوری پارتی، له‌ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ده‌گری؟ ئینجا زۆر لێی توڕه‌ده‌بێ‌‌و پێشیده‌ڵێ‌: ئه‌گه‌ر نه‌چی داوای لێبوردن له‌ مه‌لا به‌ختیار بكه‌ی، ئیتر نه‌یه‌یته‌ لای من. ئه‌و هه‌ڤاڵه‌ش، دوای چه‌ند رۆژێك سه‌ردانی مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قین ده‌كات‌و له‌وێ‌ داوای لێبوردن له‌ من ئه‌كات‌و هاته‌ لای خۆشم‌و ره‌خنه‌ی له‌خۆی گرت.
ئێستا.. كه‌ مام جه‌لال نه‌خۆشه‌، جێی داخه‌، ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ میراتگری حیزبه‌كه‌ی مام جه‌لال ده‌زانن.. له‌سه‌رئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین‌و گرنگترین كۆنگره‌ی حیزبه‌كانی دونیاو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌سلێمانیدا، رێكده‌خه‌ین، وه‌كو ده‌ستخۆشیمان لێناكه‌ن، باوه‌ڕیش ناكه‌ن، كه‌ له‌ دارایی یه‌كێتی، هیچمان له‌سه‌ر كۆنگره‌كه‌ سه‌رف نه‌كردووه‌. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا، ئیداره‌ی گشتی‌و ئوتێل میلینیۆم، شایه‌تی ئه‌وه‌ن كه‌ ئه‌و حیزبانه‌ چۆن‌و چه‌ندیان له‌سه‌ر كۆنگره‌كه‌ سه‌رفكردووه‌. ده‌یڵێمه‌وه‌: جارێ‌ ته‌نها هێنده‌ ده‌ڵێم. بۆ پاراستنی كه‌رامه‌تی سیاسی خۆم‌و دیسپلینی یه‌كێتی، بێده‌نگی‌و بێهه‌ڵوێستی.. به‌شه‌رمه‌زاری ده‌زانم!!

مه‌لا به‌ختیار

Back to top button