چوار فراكسیۆنه‌ عێراقیه‌كه‌ داواكاری حكومه‌تی هه‌رێم ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌

خواكوڕك

دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم رۆژی دووشه‌ممه‌ به‌فه‌رمی فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كانی په‌رله‌مانی عێراقی بانگ كردن بۆ كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت، ئه‌مرۆ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی و گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ی چوارشه‌ممه‌یان دواخست.

ئێواره‌ی ئه‌مرۆ چوار شه‌ممه‌ 13/12/2016 دوای كۆبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ر چوار فراكسیۆنه‌كه‌، به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شیان بڵاو كردۆته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نن پێویستیان به‌هه‌فته‌یه‌ك بیركردنه‌وه‌ هه‌یه‌.

 

ده‌قى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

راگەیانراوێک لەچوار فراکسیۆنی کوردستانی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە

لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایکردووە سبەی چوارشەممە (۱۲/۱٤) سەبارەت بە یاسای بودجەی فیدرالی ساڵی (۲٠۱۷)ی عیراق لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بیکات، ئێمە وەک ئەو چوار فراکسیۆنە کوردستانییەی لەخوارەوە ئیمزامان کردووە و بە هاودەنگی کارمان بۆ بەشە بودجەی هەرێم و مووچەی پێشمەرگە لەناو یاساکەدا کرد و دەنگمان پێیدا، رایدەگەیەنین کە دەبوو زۆر زووتر حکومەت خەمخۆرانە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی یاسایی کێشەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەی پێشمەرگە وەفد بنێرێتە بەغدا و لەگەڵ نوێنەرانی کورد لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کۆببێتەوە، بەڵام کە ئەم هەنگاوەی نەنا و ئێستاش کە داوایکردووە کۆببینەوە، بەڕای ئێمە ئەم جۆرە کۆبوونەوانە پێویستە بە ماوەیەکی گونجاو بەر لەکاتی ئەنجامدانی، فراکسیۆنەکان ئاگاداربکرێنەوە و بە هاوبەشی ئەجێنداکەی دابنرێت و کاتی پێویست بۆ پەرلەماتاران تەرخان بکرێت کە وردەکاریەکانی یاسای بودجەو بەتایبەت پشکى هەریم بۆ بەرپرسانی حکومەتی هەرێم روونبکەنەوە.

بۆیە بە پێویست دەزانین کاتەکەی بۆ هەفتەی داهاتوو دوابخرێت، کە لانیکەم هەفتەیەک لەبەردەم فراکسیۆنەکان و لایەنە سیاسییەکانمان دا بێت، بۆئەوەی بە وردی لەجەدوای کۆبوونەوەکە و ئەجێندا و ئامانجەکەی بکۆڵینەوە و دواتر بڕیارێکی پێویستی لەوبارەیەوە بدەین کە لەبەرژەوەندی جێبەجێکردنی یاساکە و خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت.

Back to top button