خامنەیی: خۆپیشاندانەکانی ئێران پیلانێکی ئەمنی بووە

عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، خۆپیشاندانەکان بە پیلانێکی ئەمنی لەدژی وڵاتەکەی ناو دەبات و دەڵێت ئەو خۆپیشاندانە ئەمنین و هیچ پەیوەندییەکیان بە خەڵکەوە نییە.

عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند: خۆپیشاندانەکانی ئێران پەیوەندیان بە ناڕەزایەتی گشتی خەڵک و خواستی گەلی ئێرانەوە نەبووە بەڵکو پیلانێکی ئەمنی بووە لە دژی ئاسایشی ئەو وڵاتە.

خامنەیی وتووشیەتی: توانیویانە پاش چەند رۆژ شکست بەو پیلانە بهێنن کە دژی وڵاتەکە کراوە.

رێبەری باڵای ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە، کە لەبەرامبەر نەیارەکانیان لە رووی سەربازیی و سیاسی و ئەمنییەوە سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە، هەروەها دەڵێت،  لە داهاتووشدا شکست بە گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران دەهێنن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەی چەند رۆژێکە خۆپیشاندان بەشێک لە شارەکانی کۆماری ئیسلامی گرتووەتەوە بە هۆی دروست بوونی ئاڵۆزی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکاندا ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران کوژراون و بریندار بوون.
Back to top button