وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان: ده‌بێت كێشه‌كانمان له‌ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ پانێلێكی دیداری ئاشتی و ئاسایشی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له‌ دهۆك رایگه‌یاند، پێش ئه‌وه‌ی قه‌یرانی ئابووری و خزمه‌تگوزاری له‌ عێراق هه‌بێت، ده‌وڵه‌تی عێراق قه‌یرانی سیاسی هه‌یه‌. گوتیشی: هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به‌ گفتوگۆ ده‌كات و ئێمه‌ش ئاماده‌ین به‌ گفتوگۆ كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین.

له‌ میانی پانێله‌كه‌یدا وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان گوتی: بۆ ئه‌وه‌ی باس له‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه‌، پێویسته‌ تۆزێك وێنه‌كه‌ گه‌وره‌تر ببینین. بزانین عێراق له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك درووست بووه‌. بۆ ئه‌وه‌ی له‌یه‌ك حاڵی بوون له‌ بنه‌ماكانی درووستبوونی ده‌وڵه‌ت هه‌بێت. زۆربه‌ی وڵاتان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیان و ئه‌و گه‌لانه‌ی ناوچه‌كه‌ درووست نه‌بوون، له‌ ئه‌نجامی رێككه‌وتنی نێوده‌وڵه‌تی له‌ دوای شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی درووست بوون. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ حاڵه‌تی عێراق، له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌ت و پێكه‌وه‌ ژیان درووست بووه‌. دوو پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی له‌ كاتی درووستبوونی ده‌وڵه‌ت له‌ عێراق هه‌بوون له‌ (1921) ئه‌وانیش كورد و عه‌ره‌ب بوون.

گوتیشی: ئایا سیستمی ده‌سه‌ڵاتدارێتی پێگیر بووه‌ له‌ درووستبوونی ئه‌و شه‌راكه‌ته‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ شكستیهێناوه‌. عێراق هێشتا له‌ قۆناغی درووستبووندایه‌. دوای (100) ساڵ هێشتا ده‌وڵه‌تی عێراق درووست نه‌بووه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ ده‌ربڕی خواستی ته‌واوی پێكهاته‌كانی بێت. كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌، ده‌بێت ئێمه‌ باوه‌ڕ به‌یه‌ك بكه‌ین. بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ بژین، ده‌بێت متمانه‌یه‌كی كامڵ هه‌بێت، له‌ نێوان پێكهاته‌كان، كه‌ موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ به‌غدا بكه‌ن.

هه‌روه‌ها گوتی: له‌ مێژووی عێراقدا كێشه‌ی نه‌بوونی متمانه‌ له‌ نێوان پێكهاته‌كان هه‌بووه‌ و هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی چه‌مكی هێز رۆڵی له‌ كێشه‌كان هه‌بووه‌. كاتێك بێهێز بیت پێكهاته‌كان كۆبكه‌یته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت درووست بكه‌یت و ئه‌گه‌ر به‌هێز بیت پشتیان تێبكه‌یت. ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ ده‌بێت بگۆڕدرێت و نابێت بۆ سێكته‌رێكی ئاینی یان پێكهاته‌یه‌ك كار بكرێت.

 

Back to top button