نووری حەمەعەلی: ھۆشداری دەدات داعش لە دەرفەت دەگەڕێت دەست بوەشێنێت
نووری حەمەعەلی، بەرپرسی میحوەری باشوور و رۆژئاوای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووه: داعش و ئەوانەی فكری ھاوشێوەی داعشیان ھەیە، لە عێراق خۆیان مەڵاس داوە و لە دەرفەتێك دەگەڕێن بۆ ئەوەی دەستی خۆیان بوەشێنن، لە ھەر گۆشەیەكی جیھان داعش دەرفەتی بۆ رێكبكەوێت، دەستی خۆی دەوەشێنێت و خەڵكی سڤیل دەكەنە ئامانج، ئەوەش بۆ سەلماندنی بوونی خۆیان لە جیھان و ناوچەیەكە، بەداخەوە ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەوەیە، تا ئێستا كار لەسەر ئەو ناوچانە نەكراوە كە داعشی تێدا پەیدا بووە، لەبەر ئەوە پێویستە چی زووە حكوومەتی عێراق كار لەسەر ئەو ناوچانە بكات بۆ ئەوەی جارێكی دیكە داعش بەھێز نەبێتەوە وەك پێشوو.
حەمەعەلی زیاتر روونیدهكاتهوه: پێویستە وەزارەتی بەرگریی عێراق ھەماھەنگی تەواوی ھەبێت لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەوەی پێكەوە بەگژ داعشدا بچنەوە و نەھێڵن دووبارە سەرھەڵدەنەوە، بە تایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەبێت پێشمەرگە و سوپای عێراق پێكەوە ئۆپەڕاسیۆن بۆ لەناوبردنی داعش ئەنجام بدەن.
زیاتر گوتیشی، نەبوونی پێشمەرگە لە ھەندێ ناوچە، كاریگەری لەسەر بەھێزبوونەوەی داعش ھەبووە، چونكە ھێزی پێشمەرگە دەتوانێت بەرەنگاری مەترسییەكانی داعش ببێتەوە، پەیوەست بە كەركووك و دەوروبەریشی ئاماژەی دا، جووڵەیان ھەیە و داعش دەستی كردووە بە ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی و بەردەوام مەفرەزەكانیان ھاتوچۆ دەكەن، تەنانەت داعش دەستی كردووە بە پڕوپاگەندەش لەنێو خەڵكیدا.