وەزارەتی تەندروستی: پارە بۆ دروستكردنی هه‌ردوو نەخۆشخانەی بەردەڕەش و دەربەندیخان تەرخان كردووه‌

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پارەیەكی تایبەتی بۆ دروستكردنی دوو نەخۆشخانەی گشتی لە بەردەڕەش و دەربەندیخان تەرخان كردووە.

محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووه‌: حكوومەتی ھەرێمی كوردستانی لە ھەوڵدایە بۆ تەواوكردنی ھەموو ئەو پڕۆژانەی پێشتر لە كەرتی تەندروستیدا راگیرابوون، بەڵام بۆ تەواوكردنی ھەردوو نەخۆشخانەی گشتی لە قەزای بەردەڕەش و دەربەندیخان، پارەیەكی تایبەت تەرخان كراوە.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت: بە ھۆی زۆریی ژمارەی دانیشتووان و پێویستیی ھاووڵاتیان بە نەخۆشنانە، وەزارەت لە ھەردوو ناوچەی بەردەڕەش و دەربەندیخان بڕیاری تەواوكردنی بۆ نەخۆشخانەی گشتی لەو دوو قەزایە دەركردووە.

قادر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: دروستكردنی نەخۆشخانەی گشتی لە بەردەڕەش و دەربەندیخان سوودی زۆر بە ھاووڵاتیانی ئەو ناوچانە دەگەیەنێت لەڕووی تەندروستییەوە، چونكە پێشتر بە ھۆی نەبوونی نەخۆشخانەی گشتییەوە، ھاووڵاتیان بۆ چارەسەركردن دەچوونە ناوچەكانی دیكە.

 

Back to top button