حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرە بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتی لۆگزامبۆرگ دەدات

 

لە سەردانێکی فەرمیدا بۆ شاری لۆگزامبۆرگ، د. دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا بە یاوەری شاندێکی نوێنەرایەتی سەردانی وەزارەتی دەرەوەی لۆگزامبۆرگی کرد و لەلایەن بەڕێز ئۆلیڤەر مائێس، بەرێوەبەری گشتی پەیوەندیە سیاسیەکانی وەزارەتی دەرەوەی لۆگزامبۆرگ و بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووی ئەفریقیا پێشوازی لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا، د. دلاوەر ئاژگەیی لەگەڵ بەڕێز ئۆلیڤەر مائێس بە تێروتەسەلی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەی شیکردەوە و دیدی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە سەر کۆی ڕووداوەکان خستەڕوو. باسی لە سیاسەتی نوێی حکومەتی هەرێم کرد بۆ باشترکردنی پەیوەندیەکان لەگەڵ بەغدا و پڕۆژەی چاکسازی و ڕیفۆرم و سیاسەتی پەرەپێدان بە ئابووری بەهێز و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری. داوای کرد لەم ڕووانەوە پەیوەندی دوولایەنە لە نێوان هەرێمی کوردستان و لۆگزامبۆرگ پەرەی پێبدرێت لە ڕێگەی وەزارەتی بازرگانی لۆگزامبۆگ و ژووری بازرگانی هەردوولا هەروەها دەرفەت بە کۆمپانیاکان بڕەخسێندرێت تاکو وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن.

وەزارەتی دەرەوەی لۆگزامبۆرگ ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دروست کردنی پەیوەندی سیاسی، بازرگانی و ئابووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان نیشاندا و بڕیاریاندا کۆبوونەوەی تایبەت لە نێوان هەردوولادا ئەنجام بدرێت.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە، د. دلاوەر ئاژگەیی باسی لە سیاسەتی دەرگا و دڵی کراوەی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئاوارە و پەنابەران و سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکان لە ناوچەکە بە گشتی، هەروەها باسی لە لێشاوی هاتنی زیاتر لە ١٦٠٠٠ پەنابەری نوێی سوری کرد بۆ ناو خاکی هەرێم، سەڕەڕای هەبوونی زیاتر لە ١ ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی عێراقی و پەنابەری سووری. هاوکات داوای هاوکاری و پشتگیری حکومەتی لۆگزامبۆرگی بۆ هەرێمی کوردستان کرد تاکو لە ڕێگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکانەوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هاوکاری پێشکەش بە پەنابەران بکات.

د. دلاوەر ئاژگەیی و بەڕێز ئۆلیڤەر مائێس تاوتوێی پرسێکی گرنگی تریان کرد ئەویش دروست کردنی پەیوەندی لە نێوان پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی لۆگزامبۆرگ. لەم بارەیەوەش هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کەوا پتەوکردنی پەیوەندی لە نێوان پەرلەمانی کوردستان و لۆگزامبۆرگ پەیوەندی هەردوولا بەهێزتر دەکات.

لۆگزامبۆرگ، ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و ناتۆیە، پێشتر بەڕێز ئۆلیڤەر مائێس بە نوێنەرایەتی لۆگزامبۆرگ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە ئەستۆ گرتووە و وەکو دیپلۆماتێکی سەرکەوتوو لە ناوەندە سیاسیەکان ناسراوە. جێگای ئاماژەیە وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە دوو جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە.

Back to top button