توڕەیی پێشمەرگە و خانەوادەی شەهێدان رووی لە كێیە!
ئاریان فەرەج
لەگەڵ پەیامەكەی سەرۆك بارزانی و لەدەرگادانی حیزبەكان لەلایەن پارتییەوە، ئومێدێك لای خەڵك چەكەرەی كردەوە و زۆربەی میدیاكان ئارام بونەوە و لێدوانی زۆرینەی حیزبەكان شعورێكی لای رای گشتی دروستكرد كە پرۆسەی پێكهاتنەوەیەكی جددی بەڕێوەیە و لە سایەی چارەی قەیرانی سیاسیدا، زەمینە بۆ هەنگاو بەرەو چارەی قەیرانی ئابورییش دەسازێ. بەڵام :
– بەزمی بۆدجەی بەغدا و هاودەنگیی بەشێك لە نوێنەرانی كورد لەگەڵ شۆڤێنییەكانی عەرەب بەوەی( پەرێزی مالكی پاكە و كوردستان خەتابارە، حەشدی شەعبی شایستەی بۆدجەیە و پێشمەرگە ناشایستە، گەلی كورد موستەحەقی داهاتێكی كەمترە لەوەی ئێستا بەدەستی دەكەوێت، كوردستان گەندەڵستانە و بەغدا شامی شەریف)
– پشتگیریی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەدناوكردنی كەسوكاری شەهیدان، ئەو ژنە رووسورانەی كە لە پێناو مانەوەی ئێمەدا پیاوەكانیان لەدەستدا و ئێستا یادگاریی زیندوو و ئەمانەتی شەهیدانن لای تێكڕای گەلی كوردستان، كە ئەگەر نەتوانین شایستەترین گوزەرانیان بۆ دابین بكەین، وەك كەمترین ئەركی ئەخلاقی و نیشتمانی، دەبوا پێلاویان لەسەر چاو دابنێین.
ئەم دوو هۆكارە، سەرباری بێ باكی بزوتنەوەی گۆڕان و وەڵامدانەوەی تفت و تاڵی بۆ پەیامی سەرۆك و دەسپێشخەری پارتی كە تێكڕای لایەنەكانی دیكە پێشوازییان لێكرد و بە دەریچە و دەربازیان زانی، جارێكی دیكە تارمایی بارگرژیی سیاسی و كۆمەڵگەیی هێنایەوە ئاراوە و ئومێدەكەی خەڵكی كز كرد.
لەوەش ترسناكتر، جارێكی دیكە دوپات بۆوە كە بزوتنەوەی گۆڕان بە ئامانجی لەتكردنی كوردستان و جیاكردنەوەی سلێمانی ( وەك كادرێكی باڵای بزوتنەوەكە هەفتەی رابردوو لە میدیای خۆیانەوە راشكارانە دركاندی) بە مەدروسی كار لەسەر پچڕاندنی رایەڵە و بەهاو ئامنج و رەمز و شانازییە هاوبەشەكانی گەلی كوردستان دەكات تا هیچ فاكتەرێك نەمێنێ كۆمانبكاتەوە و ئەوكات جیاكردنەوەی سلێمانی زەمینەی كۆمەڵایەتی و سیاسی و سایكۆلۆجی بۆ بڕەخسێ. لەو پێناوەشدا بە شێوەیەكی مەنهەجی و بە بەرنامە هەڵسوڕاو و پەرلەمانتار و قسەكەر و نوسەرەكانی رێنومایی دەكات كە تا دەتوانن بەها و شانازی و ئامانجە هاوبەشەكانی ئەم گەلە تێكبشكێنن و بێنرخ و قێزەونیان بكەن و لەوەشدا وەك چۆن سڵیان لەبەدناوكردنی پێشمەرگە نەكردەوە و بە میلیشیا و ترسنۆك و دژە عارەب ناویان برد، سڵ لە بەدناوكردنی خانەوادەی شەهیدانیش نەكەنەوە و لە زمانیان نەیانپارێزن.
توڕەیی و رژانەسەرشەقام و چوونە بەردەم دادگاكان لە لایەن كەسو كاری شەهیدان و پێشمەرگە و خەڵكەوە، تەنیا هەڵوێست وەرگرتن نییە بەرامبەر ئەو بێرێزییەی لە لایەن كەسێكی گۆڕانەوە بە خانەوادەی شەهیدان كرا، بەڵكو دەنگ هەڵبڕینە لە ئاست ئەو حیزب و مەدرەسە و نەهجەی دەیەوێت كوردستان دوو كەرت بكات و هەر بۆ ئەو مەرامەش پەلاماری هەموو شانازییە هاوبەشەكانی گەل و هەموو رایەڵەكانی پێكەوەیی خەڵكی كوردستان دەدات.
رابوونی خەڵك دژی كەسێك نییە، دژی مەدرەسەیەكە كە لە شەستەكانەوە لەم جۆرە كەسانە بەرهەم دێنێ. دژی نەهجێكی ماڵوێرانكەی نیشتماندابەشكەرە كە لە پەروەردەكراوانی مەدرەسەكەدا بەرجەستەیە.