مایک پێنس : بە هەمووشێوەیەک پشتیوانی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستانین

 

لە دووای ئەوەی مایک پێنس ، جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە سەردانێکی چاوەڕوان نەکراو گەیشتە عێراق و بێ چاوپێکەوتنی بەرپرسانی عێراقی گەیشتە پایتەختی هەرێمی کوردستان ، لە لایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا .

 

هاوکات لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا ، مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لەیکراوە ، دوواتر سڵاوی سەرۆک ترەمپی پێگەیاند و گووتی ئێمە وەک حکومەتی ئەمریکا بە هەمووشێوەیەک پشتیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانین .

 

لە درێژەدا دەڵێت بە شانازی دەزانم وەک جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەم سەردانمدا بۆ عێراق ، سەردانی کوردستانم کردووە .

 

لە بەشێکی تری قسەکانیدا مایک پێنس گووتی ، پێوەندی ئێمە و گەلی کورد ، پێوەندییەکی مێژوویی و لێک دانەبڕاوە ، هیچ کاتیش جوامێری و ئازایەتی و خوێنی شەهیدانی کورد لە بیر ناکەین کە بە چ حەماسەتێکەوە ، داعشتان تێک شکاند ، بە ڕاستی پێشمەرگە نمونەی ئازایەتی و مرۆڤدۆستین .

 

لە کۆتاییدا دڵنیایی دەداتە هەرێمی کوردستان و دەڵێت  ، ئەمریکا بۆ هەمیشە پاڵپشتی کوردستان دەبێت و بە هاوکاری یەکتر بەربەستەکانی تیرۆریستی دەبڕین و کۆتایی بە ئاژاوەکانی ناوچەیی دێنین .

 

لە وڵامی قسەکانی مایک پێنس دا ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بە ناوی گەلی کوردستانەوە سوپاسی حکومەت و گەلی ئەمریکای کرد کە بەردەوام پشتیوانی هەرێمی کوردستان بوون  ، هیواشی خواست ئەم پێوەندی و پاڵپشتیانە بۆ هەتایی بەردەوام بن ، لە کۆتاییدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان سڵاوی تایبەتی خۆی گەیاندەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا

Back to top button