سەرۆك دەمێكە رۆنگ ساید لێدەخوڕێت!
لاتان سەیر نەبێت كاتێك سەركۆمار لەنێو جەرگەی شاری سلێمانیدا بە كاروانێكی دەیان ئۆتۆمبێلی و بەنێو حەشامەتی قەرەباڵغیی خەلكەوە (11) كیلۆمەتر رۆنگ ساید دەڕوات، ئاخر ئەو دەمێكە رۆنگ ساید هەنگاوی هەڵێناوە، بە رۆنگ ساید پلەو پۆستی بەدەست هێنا و بە رۆنگ سایدیش دەوڵەمەند بوو و پشكی لە چەندین كۆمپانیادا وەدەست خست، هەر بە رۆنگ ساید مۆڵێكی بازرگانی لەسەر زەویی زانكۆ دروستكرد و چەندین بابەتی نەشیاو و نەگونجاوی لەگەل ئادابی زانكۆدا تیادا كردەوە! بە رۆنگ ساید موڵكێكی زۆری لە سلێمانی و ناوچەكانی تردا كڕی و هەر بە رۆنگ سایدیش لەگەڵ دەلاڵەكانیدا جۆرەها بازرگانی دەكات! هەر بە پارەی رۆنگ سایدیشە كۆمەڵێك دەلاڵی لەنێو راگەیاندنكاراندا كڕیوە رۆژ تا ئێوارە خەریكی ماكیاژكردنین و رۆنگ سایدەكانی بۆ دادەپۆشن!
بیرمانە دوو ساڵ لەمەوبەر بە رۆنگ ساید لە یەكێتی هاتە دەرەوە، حزبێكی بە رۆنگ ساید دروستكرد و بە رۆنگ ساید دەستی لەگەڵ پارتی تێكەڵ كرد! دواتر هەر بە رۆنگ ساید حزبەكەی فرۆشت و بە رۆنگ سایدیش خۆی كردەوە بە نێو یەكێتیدا! ئاخر چۆن رۆنگ ساید ناڕوت خۆ فەخامەتیان هەر بە رۆنگ ساید بوون بە سەركۆمار! لەوەتەی سەركۆماریشە لە ئاست هەرێم و كەركوكدا، هەر رۆنگ ساید لێدەخوڕێت، تاكە رایت سایدی ئەو لەگەل ئەردۆغان و رۆحانی و عەرەبە شۆڤینیەكاندا بووە لەپێناو مانەوەی شوفێرییەكەیدا، تەمەن باقی بێت مێژوو ئەو دۆسیانەمان بۆ ئاشكرا دەكات.
ئەگەر لەسەر ئەو رۆنگ ساید رۆیشتنەی یاسای بەسەردا جێبەجێ بكرێت لەنێو دۆسیەكەی لە بەڕێوەبەرێتی هاتوچۆدا وەك كەسێكی مەترسیدار و كەمتەرخەم و بێدەربەست ناوزەد دەكرێت لەسەر كۆمەڵگە و مۆڵەتی شوفێرییەكەی لێدەسەنرێتەوە، بەلام كێ لێی بسەنێتەوە! سەیر ئەوەیە ماوەیەكە دەنگۆی كردنیەتی بە سەرۆك یا سكرتێری یەكێتی، وا باشە كادرانی یەكێتی باشتر لەم بابەتە ورد ببنەوە، چونكە بە دڵنیاییەوە ئەو پۆستە وەربگرێت هەنگاوەكانی یەكێتی رۆنگ ساید لێدەخوڕێت و بەرەو ئاقارێكی تری دەبات.