ئاماری کوژراو و دەستبەسەرکراوانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرا دەکرێت
لە دوای گرانبوونی نرخی بەنزین بۆ سێ قات لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ، خەڵکی ڕژانە سەر شەقامەکان و ویستی ئابووری ئەوان تێکەڵ بە داوای سیاسی کراو خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ جارێکیتریش داوای دەرچوونی هێزەکانی بەرفەرمانی تارانیان کرد لە شارەکانی کوردستان .
حکومەتی ئێران وەک ساڵانی رابردوو بێ سڵ کردنەوە لە یاسا جیهانیەکانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین ، بە زەبرو زەنگێکی زۆرەوە داوای ڕەوای کۆمەڵگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی بە چەک و سەرکوت وڵام دایەوە .
بۆ شاردنەوەی دەنگۆی ڕاستیەکان هێڵەکانی ئەنتەرنەتی پچڕاند و هێلەکانی تەلەفۆنی لە کار خست، بەڵام لە گەڵ دەستپێکی یەکەم کاتژمێرەکانی گەڕانەوەی ئەنتەرنێت هەواڵەکان گەیەندرانەوە ناوەندەکانی هەواڵی جیهانی و ئامارەکان ئاشکرا بوون .
لە ماوەی چووار ڕۆژی رابردوو کە خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵات بە شێوەیەک هەموو شارەکانی گرتەوە ، خۆپیشاندەران درانە بەر دەستڕێژی گوللەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئەمنی ئێران .
بە پێی دوایین ئامارەکان کە بە دەست دەزگای میدیای خواکوڕک کەوتووە ، تا ئیستا خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵات 48شەهیدی لێکەوتۆتەوەو زیاتر لە 1000 کەس دەستبەسەرکراون .
هاوکات ئەو ئامارە لە لایەن ڕێکخراو مافی مرۆڤی هەنگاو پشتڕاست کراوەتەوە .