دوو مووچەم بەرێ، چش لە سەربەخۆیی!

عەلی عەونی
داگیرکەرانی کوردستان لە میانەی پرۆسەی بە ژێردەستەیی هێشتنی خەڵک و گەلی کوردستان ئەو پەڕی توانیان سەرف کردووە بۆ رووخاندنی کەسایەتی مرۆڤی کوردستانی و گۆڕانی بۆ مرۆڤ یان بونەوەرێکی بێ ناوەڕۆك.
 
 
هەر لە سازدانی مێژووی ساختە و درۆ بۆی هەتا شێواندنی زمان و دەسکاری کردنی ژیان و کلتور و بە کورتی داتاشینی بوونەوەرێک لە هەرچی بچێت لە کوردستانی بوون ناچێت.
 
 
بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان بۆ هەڵگیرسان و سەرهەڵدان، پێویستی بە پوچەڵ کردنی و هەڵوەشاندنی تەونی داگیرکەران هەبووە و هەیە. سەرەتا پێویستی بەوە هەبووە کە رێبەرایەتی شۆرش دەست بکات بە بیناکردنی مرۆڤێک لە ئاستی داواکاری و ئەرکی رزگاری کوردستان.
 
 
ئەمەش پرۆسەیەک نییە کە لە شەو و رۆژێکدا بێتە بەر و بەرهەمەکەی بچنین.
 
چونکە پرۆسەی داگیرکردنی کوردستان لە رووی جوگرافیەوە ئەگەر لە کاتێکی سنورداریش دا رووی دابێت، ئەوا پرۆسەی داگیرکردنی هەموو رەهەندەکانی کەسایەتی مرۆڤی کوردستانی ساڵان و سەدەی درێژی خایاندووە.
 
 
دیارە لە ژێر دەستەیی دا پرۆسەی هۆشیاری و ئامادەکردنی کوردستانیان زۆر بە ئاستەنگی و بە هێواش بەڕێوەدەجێت. هەتا رێبەران و سەرکردەکانی شۆرشی رزگاریخوازی کوردستان یەک مرۆڤی کوردستانی پەروەردە دەکەن بۆ ئامادە بوون و بەشداری کردن لە ئەرکی رزگاری کوردستان، هەر چوار وڵاتە داگیرکەرەکەی کوردستان بەو پارە و توانا داراییە زەبەڵاحە و ماکینەی گەورەی راگەیاندن و داپلۆسین بە سەدان و هەزاران کوردستانیان لە خشتە دەبەن و وایان لێدەکەن لە دژی گەلەکەی خۆیان هەڵوێست وەربگرن.
 
 
ئاشکرایە کە هۆکاری هەرە گەورەی دیاردەی جاشایەتی لەناو کوردستانیاندا دەگەڕێتەوە بۆ ژێر دەستەیی و نەبوونی سەروەریی نەتەوەیی. هەرچەندە لە باشوری کوردستان ئێستاشی لەگەڵدابێت، بابەتی جاشایەتی و خۆفرۆشی کۆتایی پێ نەهاتووە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان، ئەم بابەتە زۆر کەم بووە. ئاشکرایە کە ئەمەش لەبەر دەسەڵاتی خۆماڵی کوردستانە، پێویستە بابەتی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان و نەخۆشی جاشایەتی لەناو کۆمەڵگادا لە لایەن شارەزایان و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی کوردستانی بخرێتە بەر نەس و لایەنە شاراوە و ئاشکراکانی ئەم دیاردەیە شرۆڤە بکرێن لە رووی هزری و سایکۆلۆجی و ئابووری دیرۆکی و..تاد.
 
 
هەڵبەت مەترسیدارترین جۆری جاشایەتی لە ناو کۆمەڵگای کوردستاندا ئەو جۆرەیە کە بە زانایی و بە هزر و بە رێکخستن لە لایەن خەڵکی خودی جڤاکی کوردستانەوە بەڕێوە دەچێت. ئەم جۆرە لە جاشایەتیە دەتوانێت بیانووی بە ڕواڵەت و لۆژیکی و زانستیش بۆ باشیەکانی ژێر دەستەیی بدۆزێتەوە. تەنانەت جاری وا هەیە پەرتووکیش لەسەر باشیەکانی ژێر دەستەیی و خراپی و مەترسیەکانی رزگاریخوازی و نەتەوە پەروەری دەنووسن داگیرکەرانی کوردستان زۆر زیرەکانە کەسانی دۆڕاوی ناو کۆمەڵگای کوردستان دەدۆزنەوە، باوەڕنامەی بێ ناوەڕۆکیان دەدەنێ کەسایەتی پوشاڵیان بۆ دروست دەکەن و بەریان دەدەنە ناو کۆمەڵگا بۆ بێڕێزی کردن بە سیمبول و پیرۆزییەکانی کوردستانیان و لە شێوازی نووسەر و رووناکبیر و دڵسۆزی کۆمەڵگای کوردستان خۆیان دەردەخەن.
 
 
مەترسیەکی دژوارتر لەوە بەکارهێنانی کارتی سووتاوی ناوچەگەرێتی و دیالێکت بازییە بە ناوی سیاسەت و دادپەروەری و یەکسانی و شەفافیەت و..تاد. ئەمە ئەگەر جاشایەتی نەبێت، بەڵام بێگومان لە لایەن کۆمەڵە رێبەرێکی قین لە دڵ بۆ دەسەڵات خوازی بەکار دەهێنرێن.
 
 
کۆمەڵێک بەناو خوێندەواریشیان بە کار و بێ کار گرتووە بۆ پەروەردەکرنی لاوانی کوردستان بە گیانی رق و قین و نەویستنی ئەویدی، بەندە لە میانەی لە دایک بوونی گۆڕان دا و بە ورد بوون لەو ئەدەبیانەی بەکاریان دەهێنا چەندین جار ئاگاداری رۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی کوردستانم کردووە. کە ئەو جیل و ژێنراسونەی گۆڕان پەروەردەیان دەکات، ئەوەندە بە سەقەتی و خراپی پەروەردەیان دەکات، کە ئەگەر سبەینێ خودی گۆڕان دەسەڵاتی کوردستان بگرێتە دەست ئیدارەی ئەو خەڵکە پێ ناکرێت کە خۆیان پەروەردەیان کردووە.
نەسلێک کە هیچ شتێکی لا پیرۆز نییە خۆی دروشمەکانی گۆڕان نەبێت کە لە جنێو و بێڕێزی بترازێت هیچی تر نین.
 
 
جاران سەدام لە میانی پرۆسەی جاشاندنی کوردستاندا مووچەی دەدا. لای نیشتیمان پەروەران جاشایەتی و مووچەی جاشایەتی شتێکی زۆر قێزەون بوو، بەڵام ئێستا لە سایەی پەروەردەی رۆشنبیرانی گۆڕان نەسلێک پەروەردە بووە کە زۆر بە ئاسودەیی دەڵێت: تۆ دوو مووچەم بەرێ سەربەخۆیی کوردستانم ناویت!.
 
 
ئەمرێک ئەو قوناغەیە کە داگیرکەرانی کوردستان دەبێت ئیتر لێی پاڵدەن و گۆڕان ئەو پەروەردەیەیان بۆ دەکات. بەداخەوە کە بزووتنەوەیەکتان دامەزراندووە بۆ رووخاندنی کەسایەتی کوردستان.
Back to top button