ڕۆژێ لە ڕۆژهەڵات ڕۆژ هەڵدێ

ناڕەزاییەکانی ئێران بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی ڕاچڵەکینێکی تری دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە کە ماندوو و شەکەتی دەستی ڕژێمە ستەمکار و تۆتالیتارەکانی ناوچەکەن و ئامانجەکەش ڕزگاربوونە لە دەست نەهامەتی و ستەمی ئەو ڕژێمانە .

خرۆشانی جەماوەری لە ئاست نا عەدالەتی و ستەمی ڕژێمەکان تا دێ سنورە نێو دەوڵەتیەکان دەبڕێ وناڕەزایەتیەکانیش تا دێ فراوانتر دەبن . ئەگەر ئامانجی گردبوونەوە جەماوەریەکان بۆ بژێوی ژیان و کەمی خزمەتگوزاری بێ ، بەڵام ڕەهەندەکانی پشت گردبوونەوەکان مەسیجی ترن و ئامانجەکان گەورەترن ، ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە ئازادی و ڕزگار بوون لە ستەمی ڕژێمە دیکتاتۆرەکان و گۆڕینیان. دوای عێراق و لوبنان خرۆشانی جەماوەری ناڕازی پەڕیەوە خاکی ئێران ، ئەهواز وشیراز و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرمەشقی خرۆشانە جەماوەریەکە بوون و بەشێکی دیار و بەرچاوی شەهید و بریندار و دەستگیرکراوان لەو زۆنانەن .

ئەگەر لە عێراق و لوبنان هاتنە سەر شەقام لە پێناو دژایەتی گەندەڵی و کەمی خزمەتگوزاری بێ ، هاوکات دژی دەستوەردانی ئێران و دزینی خێروبێری وڵاتەکەیانە لە لایەن ئێرانیەکانەوە ، کەواتە خرۆشانە گشتگیریەکەی هەرسێ وڵات ( عێراق ، لوبنان ، ئێران ) دژی وجودی هەواڵگری و سەربازی ئێرانە لە عێراق و لوبنان و دژ بە حوکمی ئاخوندەکانە لە ناوەخۆی ئێران .

لە ئێران خەڵک بۆ ڕوخانی ڕژێم و حوکمی سەپێنراوی ئاخوندەکان هاتۆتە سەر شەقام هۆکارەکەشی ئەوەیە خەڵکی ئێران چل ساڵە ئازادی پراکتیزەکردنی سیاسی ، قسەکردن بە زمانی دایک ،پۆشینی جل و بەرگ و ئازادی یەکانی تری لێ زەوت کراوە ، لەو نێوەندە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕژدتر بەشداری ڕاپەڕینە جەماوەریەکە بوون .

دەسەڵاتدارانی ئێران لە هەر جموجۆڵێکی ڕۆژهەڵاتیان دەترسن لەبەر ئەوەی هەموو جوڵە سیاسی ، کلتوری ،ئاینی یەکان لە ڕۆژهەڵات دەبێ لە چوارچێوەی کۆت و بەندی ڕژێمی ئێران بەڕێوەبچن ،لە دەرەوەی ئەو چوارچێوانە هەرچەشنێ چاڵاکی قەدەغەیەو سزای لە سێدارەدان و زیندانی کردن دەسەپێنن . لە ڕۆژهەڵات تەنانەت کەسابەت و پەیداکردنی نانیش قەدەغەیە ، کەسابەتی کۆڵبەری کە زەحمەتترین کەسابەتە بە ڕۆژهەڵاتیان ڕەوا نابینرێ و ڕۆژانە کۆڵبەران دەکرێنە ئامانجی گوللەی هێزە ئەمنیەکانی ڕژێم و سوپای پاسداران . کەواتە هەموو جوڵەکانی ژیان لە ڕۆژهەڵات کەوتۆتە ژێر سانسۆری سوپا و پۆلیسی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەناسەدانیش لە دەرەوەی ئەو سانسۆرە قەدەغەیە .

ڕاپەڕینی جەماوەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەگەر بە زەبری ئاگر و ئاسن سەرکوتکرێ، چونکە ئیرادەی گۆڕانکاری زاڵە بەسەر تەواوی فشارەکانی ڕژێم بۆیە دەستپێکەکەی دڵخۆشکەرانەیە و سەرەتایەکە بۆ لە قاوغدانی ڕژێم و داردەستەکەی ، ڕۆژێ دێ ئیرادەی ڕاپەڕین بەسەر هێزی سەرکوتکەر سەردەکەوێ و لە ڕۆژهەڵات ڕۆژی ئازادی هەڵدێ .

 

Back to top button