نێچیرڤان بارزانی: نەخشەڕێگەیەکمان بۆ بەهێزکردنی پێگەی ژن داڕشتووە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەخت له ئیرادەی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە بۆ پشتگیری لەسەر پرسی دادوەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانیی جێندەری لە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەی دەستپێکردنی کەمپەینی شازدە رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان، رایگەیاندووە، هەڵمەتەکە لە 2007ـەوە ساڵانە رادەگیێنرێت بۆ چڕکردنەوەی کار و چالاکییەکان بە ئامانجی بنبڕکردنی تووندوتیژیی جێندەری و دابینکردنی دادوەری. دەشڵێت “وێڕاى سهختییهكان، بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی داعش و تاوانهكانى و جینۆسایدی ئێزیدییان، کە بوونە هۆی دروستبوونی قەیرانی گەورەی مرۆیی، هەرێمی کوردستان توانیویەتی بە شێوازێکی دروست و شایسته مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکات.
کەمپەینی شازدە رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان لە 25-11 دەستپێدەکات، لەو پەیامەیدا نێچیرڤان بارزانی کە ئێوارەی 24-11 بڵاویکردەوە، چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی هەڵمەتەکە، دەڵێت، هەموو قەیران و شەڕێک کۆمەڵگە دەشێوێنن، هەنگاوەکان دوادەخەن و دەبنە مایەی تووندوتیژی، ئافرەتانیش قوربانیی سەرەکیی ئەو دۆخهن، بۆیە لەم رۆژەدا و بۆ ئهم ئهركه پێویست و گرنگه، جەخت لەسەر بەردەوامی و هەماهەنگیی سەرۆکایەتیی هەرێم لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردن و کۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و ئاژانسەکانی یووئێن و رێکخراوە ناوخۆیى و نێودەوڵەتییەکان دهكهینهوه.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی پەیامەکەیدا رایدەگەیێنێت، کە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دیدگایەکی ستراتیژیی فراوانیان داڕشتووە، وەك نەخشەڕێگایەک بۆ پاراستنی ماف و گەشەپێدان و بەهێزکردنی پێگەی ژن لە کۆمەڵگە بە هەماهەنگی لهگهڵ لایهنه پهیوهندارهكان کاری لەسەر دەکەین.
داواش لە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان دەکات، چالاکانە لە ئەنجامدانی کار و چالاکییەکانی شانزەڕۆژهی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ئافرەتان، بەشداربن.