وەزیری ناوخۆ: لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان بەردەوام دەبین
لە رێوڕەسمی چالاکییەکانی هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وتاری سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی خوێندەوە.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ لە میانی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دژی ژنان، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا رای گەیاند: ”دڵنیاتان دەکەینەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک بۆ نەهێشتنی توندوتیژی بە گشتی و بەتایبەتی دژی رەگەزی مێینە دەکات“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە دامەزراوەکانی حکوومەت ناتوانن بە تەنیا ئەم ئەرکە ڕاپەڕێنن، بەڵکوو پێویستە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەتایبەت ڕێکخراوەکانی ژنان، زانایانی ئایینی، زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن، رۆشنبیران و میدیاکان هاوکار بن.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئافرەتانی کوردستان بە درێژایی مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان، ڕۆڵێکی کارایان گێڕاوە و لە نەهامەتی و ئەو سەختییانەی دووچاری کۆمەڵگەی کوردستان بوون، ژنانی کوردستان جیا لە زوڵمی نەتەوەیی، ڕووبەڕووی زوڵمێکی دیکەی کۆمەڵایەتیش بوونەتەوە کە دیارترینیان ئەو زوڵمەبوو کە ژنانی کوردی ئێزدی لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە ڕووبەڕوویان بووەوە.
وەزیری ناوخۆ باسی لەو بوارانە کرد کە تێیدا هەرێمی کوردستان قۆناغی باشی لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دژی ژنان بڕیوە، لەنێویشیاندا بابەتی سزای بکوژانی ئافرەتان و پرسی فرەژنی کە بە یاسا ڕێکخراون، بەڵام نەیشاردەوە کە سەرەڕای ئەم دەستکەوتانە، هێشتا ژنان ڕووبەڕووی چەندین شێوازی توندوتیژی دەبنەوە، لە وێنەی گێچەڵ و هەراسانکردنی سێکسی، خەتەنەکردن و کوشتنیش.
رێبەر ئەحمەد دووپاتی کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە توندوتیژییەک دژ بە ئافرەتان بەردەوام دەبێت. بۆیە داوای لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان هاوکار بن.
لە کۆتاییشدا ڕای گەیاند: ”دەبێت توندوتیژی لە دژی ژنان و کچان بوەستێت. پێویستە زیاتر پشتگیری لە قوربانییان بکرێت و دەشبێت ئەنجامدەران بەرامبەر ئەم جۆرە تاوانانە بەرپرسیار بکرێن“.