عێراق دەمانپارێزێت؟
بەختیار شاخی
بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی ویکیلیکس، نەوشیروان مستەفا، دژایەتیی خۆی بۆ سەربەخۆیی کوردستان ناشارێتەوە و گوتوویەتی “ئەگەر لەچوارچێوەی عێراقدا بمێنینەوە، پارێزراوتر دەبین”.
هەرچەند ئەگەر ویکیلیکسیش ئەو بەڵگەنامەیەی بڵاو نەکردبایەوە، بە هەڵسەنگاندنی ڕەفتار و لێدوانەکانی سەرانی گۆڕان لەم ماوەیەدا و ئاوازی عێراقچێتی و هەوڵدانی بۆ پێکهێنانی بەرەیەک لە سلێمانی لە دژی سەربەخۆیی کوردستان و ڕێککەوتنی ئاشکرایان لەگەڵ مالکی، زۆر ڕوون بوو کە ئەوان نایانەوێ کوردستانێکی سەربەخۆ ببینن، بە پاساوی ئەوەی: “دەوڵەتێکمان ناوێ، بارزانی سەرکردایەتیی سەربەخۆبوونی بکات”!، بەڵام پرسیار ئەوەیە، نەوشیروان چۆن دەتوانێت عێراق وەک چەتر و بەڵاگێڕ تەماشا بکات؟
کە دەوڵەتی عێراق دروست کرا، گوترا لەسەر بنەمای شەراکەتی ڕاستەقینەی کورد و عەرەب دەبێت، لەگەڵ بەرچاوگرتنی مافی نەتەوەکانی دیکە.
بەشی کورد لەم شەراکەتە چی بووە؟
* لە نزیکەی ٨٠ ساڵ دەسەڵاتدارێتیی سوننە، پشکی کورد لە شەراکەتەکە، ئەنفال و کیمیاباران و وێرانکردنی زیاتر لە ٤٠٠٠ گوند و لەسێدارەدانی هەزاران لاوی کورد بوو.
* لە دوای ٢٠٠٣، کە دەوڵەتی نوێی عێراق لەسەر شانی کورد دروست کرایەوە و شیعە حوکمی عێراقیان گرتە دەست و هەر ئەوەندەی کەمێک سێبەری خۆیان دیت، پشکی کورد بووە چاوسوور کردنەوەی میلیشیاکانی شیعە و هەڕەشەکانی مالکی بۆ ناردنی فڕۆکەی F16 و ناردنی هێزی ئۆپەراسیۆنی دیجلە بۆ سەر پێشمەرگە وناردنی تانک و زرێپۆش بۆ دەرکردنی پێشمەرگە لەناوچەی قەرەتەپە و سەعدیە. دواتر پیلانگێڕان و دەستکاریکردنی یاسای هەڵبژاردن بۆ کەم کردنەوەی دەنگی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران و لە هەنگاوێکی مەترسیدارتر لە ئەنفالیش، بڕینی بودجە و نانی خەڵکی کوردستان و پیلانگێڕییەکانی مالکی بۆ پێشکەشکردنی هەزاران زرێپۆش و چەکی قورس لەلایەن سوپای مالکی بۆ داعش، تا هەم سوننە لەناو ببەن و هەمیش پەلاماری کوردستان بدەن و بە خەیاڵی خۆیان کورد بنێرنەوە چیاکان. لە نوێترین پێشهاتیشدا دەبینین ڕۆژانە سەرکردەکانی گرووپە میلیشیاییەکانی سەر بە حەشدی شیعە هەڕەشەی پەلاماردانی کوردستان دەکەن.
ئەمانە بەشی خەڵکی کوردستان بوونە لەو عێراقەدا کە کاک نەوشێروان وەک چەتر دەیبینێت و دەڵێ بە مانەوەمان لە چوارچێوەی عێراقدا پارێزراوتر دەبین.
دەبێ لە نەوشیروان بپرسین، ئەرێ عێراق لە کێ دەمانپارێزێت؟ کام دوژمن هێندەی ئەو “چەتر”ـە هەڕەشەیە لەسەر مانەوەی گەلی کورد؟