مەلا بەختیار گومان لە بەستنی کۆنگرەی حیزبەکەی دەکات
مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، چەند نهێنییەكی پێش بەستنی كۆنگرە ئاشكرا دەكات و ڕوونیشی دەكاتەوە، ئەگەر كۆنگرە ببەسترێت، نهێنی پێدانی بەرتیل بە ئەندامانی كۆنگرە ئاشكرا دەكات.
مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی یەكێتیـی نیشتمانیی كوردستان لە وتارێكدا بڵاوی كردووەتەوە، پێش ئەو هەڵبژاردنە لۆكاڵییانە سێ پڕۆژەی جیاجیا لەلایەن ئەنجوومەنی ناوەند و گرووپی فشاری كۆنگرە، مەكتەبی رێكخستنیشەوە بۆ پەیكەرەی یەكێتی، بەتایبەتی بۆ سەركردایەتی لە لووتكەوە بۆ دامێن، خراونەتە بەرباس.
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی ڕوونی كردووەتەوە، قسەمان لەسەر ئەم پڕۆژانە زۆرە كە چۆن داڕێژراون و دەشویسترێ بەم پڕۆژانە، چ ئامانجێكی تایبەتی بەدی بێت. ئەمەیان با هەڵبگرین بۆ ناو كۆنگرە كە خۆشبەختانە ئەندامانی كۆنگرە، هێندەیان تاڵ و سوێری ململانێ ناشەرعییەكانی دەستەگەریی چەشتووە، بە ئاسانی رەش و سپی ناو پڕۆژەكان لێك جودا دەكەنەوە، بۆیه تا ئێستا نە لەناو پڕۆژەكان و نە لە دەرەوەی پڕۆژەكاندا، نە لە بڕیار و راسپاردەكانیشدا، دوور و نزیك باسی پرۆگرامی یەكێتی و بەستنی كۆنگرە لەم سەردەمەدا نەكراوە و ئەم یەكێتییە كە لە هەناویدا و لە دەرەوەیشدا، دووچاری كێشەگەلێكی زۆر هاتووە و رووداوی چارەنووسساز دەگوزەرێ.
لە بەشێكی وتارەكەی ئاشكرای كردووە، سەر و بنی زمانی شۆڕەسوارانی دەستگەری، تەنیا و تەنیا ئەوەیە كێ ببێتە سەرۆك یان سكرتێر، مەكتەبی سیاسی دەگۆڕێ یان ناگۆڕێ، جێگرەكان چۆن دابنرێن و كوڕی كێ بن و لە چ دەستەگەرێك بن، چ دەستە و گرووپێك لە هەڵبژاردنەكاندا براوە و كامانەیان شكاون؟.
ئەم وتانەی مەلا بەختیار لە کاتێکدایە یەکێتی سەرقاڵی ئامادەکارییەکانە بۆ بەستنی کۆنگرەی یەکێتی، بەڵام تا ئێستەش ئەگەری دواخستنی هەیە.