هەسەدە گوندی سەیدای لە سنوری عەین عیسا کۆنتڕۆلکردەوە و لە گرێ سپیش هاوڵاتیان ئاگریان لە بارەگاکانی میلیشاکانی تورکیا بەردا
دوای ئەوەی توركیا هێڕشی داگیرکاری بۆ سەر رۆژ ئاوای کوردستان دەستپێکرد, هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە پێی رێککەوتنێک چەند ناوچەیەکی لە رۆژ ئاوای کوردستان چۆلکرد, بەڵام سوپای تورکیا و میلیشاکانی تورکیا بەردەوامن لە هێڕشەکەیان, لە بەرامبەردا ئەمڕۆ هێزەکانی هەسەدە گوندێکی داگیرکراوی رۆژئاوایان لە سنوری عەین عیسایان کۆنتڕۆلکردەوە
میدیاكانی نزیك لە ھەسەدە رایانگەیاندووە کە بەیانی ئەمڕۆ شەڕێکی قورس لە سنوری عەین عیسا لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و میلیشاکانی تورکیا روویداوە, لە شەڕەکەدا هێزەکانی هەسەدە توانیویانە پێشڕەوی بکەن و گوندی سەیدای سەر بە عەین عیسا كە پێشتر داگیرکرابوو کۆنتڕۆلبکەنەوە
هەروەها میدیاکانی هەسەدە رایانگەیاندووە کە هاوڵاتیانی ناوچەی گرێ سپیش ئاگریان لە بارەگایەكی چەكدارانی سەر بە توركیا لە شارۆچكەكەیان بەردا.
میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان بڵاویان كردەوە، ھاووڵاتییانی گرێ سپی لە كردەوەكانی چەكدارانی ئۆپۆزیسیۆن تووڕەن، بەوەی ھەوڵدەدەن دەستدرێژی بكەنە سەر ژنانی دەڤەرەكە، بۆیە دانیشتووانی گەڕەكی جسر ئاگریان بەرداوەتە بارەگایەك و لە ئەنجامدا سێ چەكدار كوژراون.