لە بەلجیکا – د. دلاوەر ئاژگەیی لەگەڵ بەرپرسانی ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا کۆبوەوە

 

د. دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ بەڕێزان گابریەل مونوئێرا، بەرپرسی دیسکی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقا و کەنداو و هەروها تاین ڤان وینسن، بەرپرسی دیسکی عێراق لە ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کۆبوەوە.

لە کۆبوونەوەکە، د. دلاوەر ئاژگەیی بە ووردی تێڕوانین و هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی، لەناویاندا پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پرسی خۆپیشاندەران لە عێراق وە ئەو بارودۆخەی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دروستبووە بەهۆی شەڕو پێکدادانەکان و قەیرانەکانی پرسی مرۆیی و پەنابەران لە هەرێم.

د. دلاوەر ئاژگەیی دیدی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ شیکردنەوە سەبارەت بەو بارودۆخە سیاسیەی کە ئێستا لە چەند پارێزگایەکی عێراق دروستبووە کە بەهۆی کەڵەکەبوونی کێشەی چەندین ساڵی ڕابردوو و جێبەجێنەکردنی دەستوورەوە سەریهەڵداوە، پێی ڕاگەیاندن کەوا حکومەتی هەرێم پاڵپشتی لە جێبەجێکردنی دەستووری عێراق دەکات کە ئەمەش دەکرێت بە چەند قۆناغێکی جیاجیا کاری لەسەر بکرێت.

چەند پرسێکی گرنگی تریش لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆی لەبارەیەوە کرا ئەویش پرسی بودجە و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم، هەروەها ئاساییکردنەوەی ناوچە دابڕێندراوەکان و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و بارودۆخی ئاوارەو پەنابەران. لەم بارەوەش پەیام و دیدگای حکومەتی هەرێمی گەیاندە بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا.

هاوکات داوا کرا کە ئۆرگانە پەیوەندیدارەکانی یەکێتی ئەوروپا ھاوکاری بنەڕەتی بگەیەنن بە ئاوارەو پەنابەرانی هەرێم و بەشداربن لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان لەگەڵ ئاسانکاری پێویست بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان.

لە بەشێکی تریشدا، داوای زیندوو کردنەوەی لیژنە تایبەتیەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و عێراق کرا بە بەشداری نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە سەرجەم لیژنەو کۆمیتەکانی نێوان هەردوولا.

 

Back to top button