مه‌سرور بارزانى پێشوازی لە بەرپرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ده‌كات

سەرۆک وەزیرانی کوردستان و بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیای وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا کۆ بوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی خۆپێشاندانەکانی بەغدا کرد و ئەو بەرپرسەی بەریتانیا پشتگیری وڵاتەکەی بۆ چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێم دووپات کردەوە.

پێویستە دەرەفەت بە سەرۆک وەزیرانی عێراق بدرێت بۆ وەڵامدانەوەی داخوازیی خۆپێشاندەران

ئەمڕۆ سێشەم 26ی تشرینی دووەم، ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ستیفانی ئەلقاق بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیای وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا کرد.
زیاتر روون کراوەتەوە، لە دیداەرکەدا کە جەیمس سۆرنتن کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەبوو، گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق کرا و دووپات لەوە کرایە کە ناجێگریی بارودۆخی عێراق لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی عێراق و ناوچەکە بە گشتی نییە.
 “دووپاتیش کرایە کە پێویستە دەرەفەت بە سەرۆک وەزیرانی عێراق بدرێت بۆ وەڵامدانەوەی داخوازییە رەواکانی خۆپێشاندەران و ئەنجامدانی چاکسازییەکان” لە راگەیەندراوەکەدا وا نووسراوە.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، شاندی بەریتانی پشتیوانیی خۆیان بۆ چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەربڕی.
Back to top button