هێمن هەورامی بەشداری لە دیداری ساڵانەی سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیادا كرد

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی دامەزراوەی كۆربەر و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، بەشداری لە دیداری ساڵانەی سیاسەتی دەرەوەی لە وڵاتی ئەڵمانیادا كرد.

لەو دیدارەدا، كە وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و نەرویج و نوێنەرانی ژمارەیەك لە وڵاتان و پەرلەمانەكانیان و باڵیۆز و پسپۆڕانی سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندییەكانی دەرەوە بەشدار بوون، ئێوارەی ڕۆژی ٢٥/١١/٢٠١٩ ‌لە پەراوێزی دیدارەكەدا، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بەشداری لە ئێوارەخوانێكدا كرد، كە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ شاندەكانی وڵاتان ساز كرابوو، هاوكات لەگەڵ ژمارەیەك باڵیۆز و دیپلۆماتانی وڵاتان و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا كۆمەڵێك دیداریان ئەنجام دا و بە گشتی باسیان لە سیاسەت و دۆخی ئێستای ناوچەكە و هەرێمی كوردستان كرد و پەیوەندییەكانی ئێستای لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا خستە روو، كە لە ئێستادا هەنگاوی باشیان بڕیوە و لە ڕێككەوتنی كۆتایی نزیك بوونەتەوە.

لە تەوەرێكی تردا، هەورامی  باسی لەو ئاوارانە كرد، كە وەكو پەناگەیەكی ئارام ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام بارگرانیی داراییان بۆ سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست كردووە و، پێویستیی هەرێمی كوردستانیشی بۆ هاوكاریكردنیان لەلایەن وڵاتانی دەرەوە نیشان دا.

هەر لە دیدارەكاندا، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بە وردی باسی لە مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی گرووپی تیرۆریستیی داعشی كرد، كە لە ئێستادا مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ناوچەكە و تەواوی جیهان و پێویستە رێگا لە تەشەنەكردنیان بگیرێت.

 

Back to top button