دڵشاد شەهاب: لایەنە سیاسیەکان رێککەوتن کە هاوپەیمانى فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە بەغدا پێکبهێندرێت

 

دواى ئەوەى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان گەڕێکى دیکەى دانوستانى لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان دەست پێکرد لە چوار چێوەى سەردانەکانى ئەمڕۆ سەردانى هەریەکە لە مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان و کۆمەڵى ئیسلامى کوردستانى کرد ئامانج لە سەردانەکەى دروستکردنى یەکڕیزى و کۆدەنگى حزبەكانى کوردستانە لەسەر ئاستى ناوخۆ و عێراق, راوێژکارێکى سەرۆکى هەرێمى کوردستانیش رایدەگەیەنێت کە رێککەوتن کراوە هاوپەیمانی فراکسیۆنە کورستانیەکان لە بەغدا پێکدەهێندرێت

دڵشاد شه‌هاب، راوێژكاری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: سه‌ردانه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كانی بۆ لای لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ یه‌كخستنی هه‌ڵوێستی كورده‌ له‌ به‌غدا و پێكهێنانی هاوپه‌یمانی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان.

راشیگه‌یاند: سەرجەم لایەنە سیاسییەکان ئامادەییان نیشانداوە بۆ ئەوەی هاوپەیمانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا پێکبهێندرێت تا سه‌رجه‌م تواناكانی كورد یه‌كبخرێت.

شه‌هاب راشیگه‌یاند: بابه‌تێكی تر كه‌له‌ گفتوگۆكاندا باسی لێوه‌كراوه‌ ته‌ئكید كردنه‌وه‌ بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی له‌نێوان سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا هاتووه‌ته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وامیان هه‌بێت، چونكه‌ ئه‌م سه‌ردان و په‌یوه‌ندییانه‌ زه‌مینه‌یه‌كی باش ده‌ڕه‌خسێنن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی نێوان لایەنەکان و لەناو خۆشیاندا بەردەوامی هەبێت و لە رۆژانی ئایندەشدا سەردانی لایەنەکانی تریش دەکرێت.

ئه‌وه‌شی زیاد كرد: كه‌ پێشتر سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆك بوون كه‌ هاوپه‌یمانی كوردستانی له‌ به‌غدا پێكبهێندرێت ناوەکەشی هاوپەیمانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بێت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ماوەتەوە هەنگاوی بۆ بنرێت، بەڵام ئەم چەند ماوەی رابردوو بەهۆی پڕ کاری ئەنجومەنی نوێنەران و سەرقاڵی فراکسیۆنە کوردیەکان نەیان پەڕژابوو سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆببنەوە.

Back to top button