د. دلاوەر ئاژگەیی لەگەڵ باڵوێزی دەستبەکاربووی یۆنان تاوتوێی پەرەپێدانی هەماهەنگی و پەیوەندی دووقۆڵی نێوان هەرێمی کوردستان-یۆنان کرد

 

بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، د. دلاوەر خالید ئاژگەیی سەردانی باڵیۆزخانەی یۆنان لە یەکێتی ئەوروپا کرد و لە لایەن باڵوێزی دەستبەکاربووی یۆنان بەڕێز گۆرگیۆز زاکیرۆداکیز، هەروەها بەڕێز ئلانی بارکیۆز، ڕاوێژکاری باڵوێز پێشوازی لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا، د. دلاوەر ئاژگەیی و باڵیۆزی یۆنان گفتوگۆی باشیان هەبوو لەسەر کۆمەڵێک پرسی سیاسی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و عێراق و دۆزی کورد لەگەڵ گرنگترین ئەو خەبات و قوڕبانیدانەی بە درێژایی مێژوو پێیدا تێپەڕیووە. هەروەها باس لە دۆخی ئاسایش و سەقامگیری هەرێم و عێراق و ناوچەکە کرا.
د. دلاوەر ئاژگەیی ڕوانگە و هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بارودۆخی عێراق و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە لە بەغدا و باشووری عێراق خستەڕوو.

باڵیۆزی یۆنان لە یەکێتی ئەوروپا پەیوەندیەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە گرنگ وەسف کرد و ئاماژەی بە پێگە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان کرد لە دابینکردنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکە، وە ڕایگەیاند کە هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی یۆنان کونسوڵگەری گشتی خۆی لە هەرێم بکاتەوەو گرنگی بە ئاستی پەیوەندی و هەماهەنگیەکان بدات.

باڵوێزی یۆنان خۆشحاڵی خۆی دەبڕی بە سەردانەکە و بە هەنگاوێکی باشی وەسفکرد بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیەکان لە داهاتوودا. د. دلاوەر ئاژگەیی لەلایەن خۆیەوە پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێکرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکانیدا بۆ خواست.

 

 

Back to top button