سه‌رۆك بارزانی سه‌ره‌خۆشی له‌ شه‌هیدانی په‌لاماره‌كه‌ی داعش له‌ گوله‌جۆ و هاوخه‌می بۆ بریندارانی ته‌قینه‌وه‌كانی كه‌ركووك ده‌رده‌بڕێت

دوای ئه‌وه‌ی شه‌وی رابردوو له‌ شارۆچكه‌ی كوڵه‌جۆ  داعش هێڕشی كرده‌ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌و هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ له‌ كه‌ركووك چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌ك روویدا سه‌رۆك بارزانی، له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌سوكاری شه‌هیده‌كان ده‌كات.

 

سه‌رۆك بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەم پەلامارانە ئاماژەن کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە و هێشتا هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری.

 

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی

“بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

شەوی ڕابردوو، تیرۆریستان هێرشیان کردۆتەوە شارۆچکەی کوڵەجۆی سەر بە کفری، بەو هۆیەشەوە بەڕێوەبەر و دوو کارمەندی ئاسایشی ئەو شارۆچکەیە شەهیدبوون و چەند کارمەندێکیش بریندار بوون. هەروەها ئەمڕۆ چەند تەقینەوەیەک لە کەرکووک ڕوویان دا و بووە هۆی برینداربوونی چەند هاووڵاتییەك.

پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری شەهیدەکان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێرایش بۆ بریندارەکان دەخوازین. ئەم پەلامارانە ئاماژەن کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە و هێشتا هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری.

ڕیشەکێشکردنی تیرۆر، و پێویستی بە هەماهەنگیی زیاتری نێودەوڵەتی هەیە، هەروەها بۆ نەهێشتنی هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر دانیشتوانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، پێویستە حکوومەتی هەرێم و بەغدا، هەنگاوی خێراتر بنێن بۆ هەماهەنگیی ئەمنی و سەربازی لەو ناوچانە.

مسعود بارزانی

٣٠ـی١١ـی٢٠١٩”

Back to top button