دهزگایی میدیایی (خواكوڕك) دەقی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەھدی بڵاودەکاتەوە
سەرۆك وەزیرانی عێراق نامەیەکی دەست لەکار کێشانەوەی بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەی ناردووە.
لە وتاری دوو رۆژ لەمەوبەری نوێژی هەینیدا نوێنەری عەلی سیستانی، مەرجەعییەتی باڵای شیعەکانی عێراق رایگەیاند، داوای رێوشوێنی نوێی بۆ وەڵامدانەوەی خۆپیشاندەران کرد، لە وەڵامیشدا عادل عەبدولمەهدی پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە وەڵامی داواكارییەكەی مەجەعیەت، نیازی هەیە بە نوسراوێكی فەرمی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پێگەكەی رادەستی پەرلەمانی وڵات بكات.
عەبدولمەهدی لە نامەکەیدا نوسیویەتی، بەوپەڕی سەرنجەوە گوێم لە وتاری مەرجەعیەتی باڵای ئاینی گرت، وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ ئەو داواکارییە و خێراکردن و ئاسانکردنی بەدیهێنانی بەزوترین کات، نوسراوێکی فەرمی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەرزدەکەمەوە و داوای دەستلەکارکێشانەوە لە سەرۆکایەتی حکومەتی ئێستا دەکەم.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەنجومەنی نوێنەران دەرفەتی ئەوەی بۆ برەخسێت چاو بە بژاردەکانیدا بخشێنێتەوە، لەکاتێکدا دور و نزیک دەزانن من پێشتر ئەو بژاردەیەم بە لە یاداشتە فەرمییەکاندا بەئاشکرا خستبوەڕوو، بەشێوەیەك بەرژەوەندی گەل و ڵات بەدیبهێنێت.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 1-12-2019، پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی نائاسایی لەباری بارەدۆخی عێراق و دوایین پێشهاتەکان و پرسی دەست لەکار کێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیران، سازبكات.