لەپشتی پەردەی خۆپێشاندانەکانی عێراق چ دەگوزەرێت

ئەوەی لە باشور و ناوەڕاستی عێراق رودەدات، لەپەنای خۆپیشاندانەکاندا، دەستپێکی شەڕی نێوان حیزب و تاقم و میلیشیاکەنیشە. بەشێوەیەکی تر، دەکرێ بڵێین لە ھەر پارێزگایەکدا جۆرێک لە خۆپیشاندان و ململانێی نێوان ئەو ھێزو گروپانە ھەیە جیاوازە لە پارێزگایەکی تر. ئەوەی لە بەغدا رودەدات دەتوانین بڵێین خۆپیشاندەرانی راستەقینەن دژ بە کۆی سیستەمی عێراق، بەڵام لە شارەکانی تری باشور جۆرێکی ترە. نەجەف کە بە پایتەختی شیعەی عێراق دادەنرێ بەھۆی بونی مەزاری امام الحسین و حەوزە و شوێنی نیشتەجێی سیستانی، لەم پارێزگایە گروپەکان لە ململانێدان بۆ بەھێزکردنی نفوزی خۆیان لەدژی گروپەکانی تر، موقتەدا صەدر پارێزگای نەجەفی زۆر بەلاوە گرنگە چونکە شوێنی نیشتەجێبونی خۆیەتی لە حەنانە. ئەو تاڕادەیەک توانی خۆپیشاندانەکان لەم پارێزگایە بەکاربھێنێت بۆ بەئامانجکردنی ئەنجومەنی ئیسلامی عەمار حەکیم و گروپەکانی تر تا خۆی بەتەنھا پاوانی نەجەف بکات لە ئایندەو کاریگەریشی لەسەر بڕیارەکانی سیستانی ھەبێت. لە بەصرە ململانێ و خۆپیشاندانەکان بە جۆرێکی ترە، لەوێیدا حزبی فەزیلە بەئامانج کراوە لەلایەن زۆربەی میلیشیاکانی تر چونکە تەواوی جومگەکانی ئەو پارێزگایە لە دوای ٢٠٠٣وە لەژێر دەسەڵاتی ئەودان، لەکاتی حوکمڕانی نوری مالیکی بە بیانوی داماڵینی چەک لە ھۆزەکان و چەتە و رێگرەکان وەک خۆی ناوی دەبڕن، پرۆسەیەکی سەربازی بەناوی صولە الفرسان راگەیاند بەڵام شکستی ھێنا. لە زیقاڕ خۆپیشاندانەکان تاڕادەیەک ھاوشێوەی بەغدایە.

ئێستا چەندین جۆر میلیشیا و ھێزی جۆراوجۆری پڕچەک لەشارو شارۆچکەکانی باشور بونیان ھەیە، ھەموشیان ڕکابەری سەرسەختی یەکترن، تاکە ھۆکار لە رابردوودا کە رێگر بووە ئەو گروپ و تاقمانە بەگژیەکتریدا بچن:ترس لە ئێران و ترس لە خامەنەیی و قاسم سولەیمانی بووە.

بەھۆی گوشارەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، ھەروەھا بەھۆی ئابڵوقە و خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئێران، ئێستا ئەو ترسە لەلایەن ئەو گروپانە نەماوە بۆ شەڕی یەکتر و ئێرانیش وەک جاران پێڕاناگات جڵەویان بگرێتەوە دەست. ئەوەی ئێستا دەیبینین دەسپێکی ھەنگاوەکانی ئەو شەڕەن کە ئەگەر ئێستاش رونەدات دەبێ کاتێکی تر ھەر رووبدات.

Back to top button