زاڵمای خەلیلزاد: دەبێت جیهان خۆی بۆ سەربەخۆی كوردستان ئامادە بكات
خواكوڕك
کۆنفرانسی سەربەخۆیی کوردستان بە بەشداری هەریەک لە: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەرهەم ئەحمەد ساڵح، جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و زەڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق و چەند سیاسەتمەدارێکی دیکە دەستی پێكرد.
زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق لە کۆنفرانسەکەدا گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند “هەموو کورد حەزدەکەن خاوەنی دەوڵەت بن و کەس گومانی لەوە نییە، بەڵام ئەو بابەتە کە ئێستا لە زانکۆی دهۆک باسدەکرێت کاتی ئەوەیە؟ من پێموایە بڕیاری سەربەخۆیی کوردستان بڕیارێکی قورس، گرنگ و چارەنووسسازە، ئەو پرسە کاریگەری لەسەر هەموو جیهان دەبێت و دەبێت سەربەخۆیی ببێتە پرس و ئامانجی سەرەکی، هەروەها دەبێت لە نێو کوردا رێککەوتن هەبێت و دواتر لەگەڵ عێراق رێککەوتن بکەن”.
زاڵمای خەلیلزاد، “بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی سەربەخۆیی کوردستان کارێکی گرنگە، ئەمڕۆ ئەو پرسە یەکێکە لە پرسە گرنگەکانی سیاسی عێراق و دەبێت گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت”.
زەڵمای خەلیلزاد ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی گرنگە دەبێت بپرسین دوای شەڕی داعش چی روودەدات و ئاییندەی ناوچەکە بەرەو کوێ دەروات، ئێستا شەڕ بەردەوامە و دەزانین داعش نامێنێت، “بەڵام دوای ئەوە چیدەبێت و چی روودەدات، بۆیە دەبێت وڵاتانی زلهێز قسەی خۆیان بکەن کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ناوچەکدا دەکەن”.
لەبارەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانیشەوە، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا گوتی “لە ناوچەکەدا گۆڕانکاری گەورە و پێشهاتی نوێ روودەدەن، دەبێت وڵاتانی گەورەش خۆیان لەگەڵ ئەو دۆخەدا بگونجێنن و دەستپێشخەری نوێیان هەبێت”.