ڕەزا بەهلەوی کوڕی شای ئێران داوای پێکهێنانی حکومەتێکی ڕاگوازراو دەکات وەك ئامادەکاریەك بۆ ڕووخانی ڕژێمی خامەنەئی
![](https://xwakurk.com/wp-content/uploads/2019/12/رهزا-پههلهوی.jpg)
لە بەیاننامەیەکی دا ڕەزا بەهلەوی تەمەن 59 ساڵ کوڕی شای پێشووی ئێران داوای ئامادەکاری دەکات بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی گوتیشی سەرکردایەتی کردن لە ماوەی ڕاگواستن بابەتێکی گرینگە بۆ ئێرانیەکان و داوای پێکهێنانی حکومەتێکی ڕاگوازراوی کرد و پێش دوو ساڵ ئاماژەی بە نزیك بوونەوەی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی کرد لە ئێران و گوتی لە ئێستاوە دەبێ خۆمانی بۆ ئامادە بکەین بۆ ئەوەی لە کۆتایی دا حکومەتێکی یاسایی و سیاسی و خاوەن ئابووریەکی بەهێز بونیات بنێـین کە بـبێتە جێگرەوەی حکومەتە ئیسلامیەکە و ئەمەش لە ڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە دەبێت.
لە بەیاننامەکەی دا کە ئاراستەی سیاسیەکان و مامۆستایان و هونەرمەندان و پارێزەران و سەربازەکان و فەرماندە ئێرانیەکانی کرد بەهلەوی گوتی وەك سەربازێك لە بەرخودانی نەتەوەیی کۆڵ نادەم و دووپاتی کردەوە کە دەبێ دامەزراوە سیاسیەکان ڕادەستی سیاسیە چالاكەکان بکرێت و شایەنی باسە لە خۆپیشاندانە جەماوەریەکانی ساڵی 2017 ـ2018 و لە ناڕەزاییەکانی تشرینی دووەمی 2019 چەندین درووشم گوترانەوە کە بە شان و باڵی شای ئێرانیان هەڵدەدا و ئەمەش بووەتە جێگای نیگەرانی سەرکردە سیاسیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی.