بەرهەم ساڵح :راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هه‌نگاوی یه‌كه‌مه‌ و دواتر ئاراستەكان جێگای گفتوگۆن

خواكوڕك

له‌ كۆنفرانسی “سه‌ربه‌خۆیی، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و ده‌رفه‌ت”  كه‌ له‌ لایه‌ن زانكۆی ئه‌مریكی كوردستان ـ دهۆك رێكخراوه‌به‌رهه‌م ساڵح جێگری دووه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند سه‌ربه‌خۆیی مافێكی ره‌وای گه‌لی كورده‌ و نه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌ بۆ ئه‌م مافه‌ خه‌باتی كردووه‌.

به‌رهه‌م ساڵح گوتیشی یاساكانی نێوده‌وڵه‌تی مافی گه‌لی كورد ده‌سه‌ڵمێنن بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی و ئاماژه‌شی به‌ ره‌وشی ئێستای ناوچه‌ كرد و گوتی گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌ بنه‌ڕه‌تین و ئه‌و سه‌رده‌مه‌ كۆتایی هات كه‌ كورد تێیدا كۆیله‌ كرابوو هەروەها گوتی، پێگه‌ی كوردیش له‌ عێراقی نوێ پاش رووخانی رژێمی به‌عس گرنگ نرخاند  و ئه‌و  ده‌ستووره‌ی كه‌ كورد به‌شداری له‌ نووسینه‌كه‌ی كرد‌، ده‌ستكه‌وتی زۆری بۆ گه‌لی كورد هه‌بوو، به‌ڵام دوای 16 ساڵ نه‌ كورد و نه‌ عه‌ره‌ب له‌م ده‌ستووره‌ رازی نین و گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی له‌ماوه‌ی 13 ساڵ به‌دی هاتوون و بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ به‌ هاتنی داعش و شكستی سوپای عێراق كرد.

به‌رهه‌م ساڵح ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا سه‌دان ملیار دۆلار داهاتی نه‌وت له‌ عێراق خه‌رج كرا، به‌ڵام هێشتا ئارامی به‌ده‌ست نه‌هاتووه‌‌ و هیچ یه‌ك له‌ پێكهاته‌كانی عێراق له‌ ره‌وشی ئێستای عێراق رازی نین، به‌ ئاماژه‌ پێدان به‌ پرۆژه‌یه‌كی عه‌مار حه‌كیم گوتی باس له‌ چاره‌سه‌ری مێژویی كردووه‌، واته‌ كێشه‌یه‌كی مێژوویی هه‌یه‌ و پێویسته‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.

له‌ باره‌ی بڕیاری مانه‌وه‌ یان سه‌ربه‌خۆییش گوتی له‌ هه‌ردوو حاڵه‌تدا بڕیاره‌كه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان و بۆ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و پێویسته‌  ئه‌م پرسه‌ له‌ به‌غدا یه‌كلا بكه‌ینه‌وه، نه‌ك له‌ ئه‌نقه‌ره‌  یان واشنتۆن هەروەها دەلێت بۆ ئه‌وه‌ش نموونه‌ی قوبرسی باكوور، باشووری سودان و چیك و سلاواكی خسته‌ڕوو، كه‌ ئیمه‌ كامه‌یان هه‌ڵده‌بژێرین. به‌ڵام كه‌س ناتوانێ مافی سه‌ربه‌خۆیی له‌ گه‌لی كوردستان زه‌وت بكات و راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاوی یه‌كه‌مه‌ و دواتر ئاراسته‌كه‌یه‌ كه‌ زۆر گرنگه‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌م سێ نموونه‌یه‌م هێناوه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانی له‌ باره‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، به‌رهه‌م ساڵح گوتی سه‌ربه‌خۆیی له‌ گواستنه‌وه‌ی وابه‌سته‌یی له‌ به‌غداوه‌ بۆ ئه‌نقه‌ره‌ نابێت و په‌یوه‌ندیی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا گرنگه‌ و له‌ ئاینده‌دا ئه‌و وڵاته‌‌ له‌وانه‌یه‌ كه‌مترین كێشه‌ له‌گه‌ڵمان هه‌بێت به‌غدایه‌.

له‌ كۆتاییشدا ئاماژه‌ به‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی كرد و گوتی كێشه‌ی جیدی له‌ وڵاته‌كه‌مان هه‌یه و‌ پێویستی به‌ چاره‌سه‌ركردنی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه‌، كێشه‌ی سیاسی و ئابووریمان هه‌یه‌ و كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی دیكه‌شمان هه‌یه‌. كاتی ئه‌وه‌یه‌ قسه‌ له‌سه‌ر كێشه‌كان بكه‌ین و كوردستان له‌ ره‌وشی ئێستا رزگار بكه‌ین، هه‌ر له‌مباره‌ به‌ ئاماژه‌ پێدان به‌ په‌یامی بارزانی گوتی په‌یامه‌كه‌ی بارزانی هیوایه‌ك به‌خشییه‌‌ خه‌ڵك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و به‌ ئاماژه‌ پێدان به‌ شێخ مه‌حمود، قازی محه‌مه‌د و مه‌لا مسته‌فا بارزانی گوتی ئه‌و دره‌فه‌ته‌ی ئێستا بۆ سه‌ركردایه‌تی كورد هه‌ڵكه‌وتووه‌ هیچ كاتێك نه‌ره‌خساوه‌.

Back to top button