دەستپێشخەریەكەی سەرۆك بارزانی نەخشە رێگە بۆ كۆتایهێنان بەگەندەڵی سیاسی
فەرهاد محەمەد
دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دواین خاڵی لەسەر سنوری باشوری كوردستان لە تیرۆریستانی داعش پاككردەوە، سەرۆك بارزانی لەگەڵ راگەیاندنی پەیامی سەركەوتن، داوای كرد كێشەكانی سیاسەكانی كوردستان بە دیالۆگ لەنێوان حزبەكاندا چارەسەر بكرێن، هەروەها داوای كرد، دەبێت ئەو لوغمە سیاسیانەی بۆ پرۆسەی سیاسی دەنراون پووچەڵ بكرێنەوە.
لەمەش زیاتر هەر دوای راگەیاندنی ئەم پەیامە، جارێكی دیكە سەرۆك بارزانی وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ خواستی خەڵكی كوردستان ، سێ پێشنیاری كرد ، كە لە پێش هەمووانەوە داوای كرد كە حزبەكان كۆببنەوە و كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستنیشان بكەن.
ئەگەر سەرنج لەم پێشنیارەی سەرۆك بارزانی بدەین، دەبینین ئەمە یەكەمینجارە لەمێژووی هەموو سەرۆكەكانی جیهاندا، سەرۆكێك لەدوای راگەیاندنی گوتاری سەركەوتن لە شەڕێكی جیهانیدا داوا دەكات لە پۆستەكەی خۆیدا نەمێنێت. ئەمەشی لە پێناوی ئەوەدا كردووە كە كوردستان لە دوو مەترسی زۆر گەورە هەیە دووربخاتەوە:
1- پووچەڵكردنەوەی ئەو لوغمە سیاسیانەی بۆ پرۆسەی سیاسیی كوردستان دانراون بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی لە كوردستاندا تێكبشكێنت.
2- كۆتایهێنان بەو ئیرهابە فیكریەی دژی سەربەخۆیی كوردستان و پێشمەرگە لەلایەن بزووتنەوەی گۆران و بەشێك لە حزبەكانی دیكە بەرێوە دەچێت.
ئەو دووخاڵەی سەرۆك ئاماژەی پێكردوون، هەردووكیان پێكەوە ئەو گەندەڵیە سیاسیەیە كە خەریكە دەبێتە مەترسی و تەحدا لەسەر هەموو شتێكی جوانی ئەم كوردستانە. هەربۆیە سەرۆك بارزانی ئامادەیە هەموو شتێك بكات بۆ ئەوەی كۆتایی بەو گەندەڵی یە سیاسیە بێت و جارێكی دیكە پرۆسەی سیاسی كارابكرێتەوەو هەموو تواناكان یەكبخرێن بۆ ئەوەی رێگە چارەیەك بۆ قەیرانە دارایی و سیاسیەكانی كوردستان بدۆزرێتەوە.
ئەزموون و لۆژیك و بڕوابوونی سەرۆك بارزانی بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان ، هەمان ئەو لۆژیك و بروابوونەیە كە لەدوای راپەرینی ساڵی 1991 لە دیداریكدا لەگەڵ هارڤارد پۆلتیكل ریڤیو ئاماژەی پێكرد( میللەتی ئێمە میللەتێكی تەمەڵ و هەژار نیە، ئێمە وڵاتێكی دەوڵەمەند و گەلێكی خاوەن ئیرادەمان هەیە، ئێمە تەنها پێویستی ئەوەندەمان بەئێوەیە هەتا تۆزێك دێنەوە سەر خۆمان ، پاشان میللەتی ئێمە دەزانێت چۆن خۆی رێكدەخاتەوە) ، سەرۆك بارزانی ئەم لۆژیك و ئەزموونەی لەماوەی دووساڵی رابردووی شەڕی داعش لەناو هێزی پێشمەرگەی كوردستان تاقیكردەوە و توانی گەندەڵی سیاسی لەناو ریزەكانی هێزەی پێشمەرگەی كوردستاندا بنبڕ بكات و هێزی پێشمەرگە تەنها سەرقاڵی پاراستنی كوردستان بێت و خۆی تیكەڵاوی پرۆسەی سیاسی و ململانێی حزبەكان نەكات. ئاكامی ئەم ئەزموونەش دوای پشتیوانی خوا ئەوەبوو هەموو جیهان سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی بینی و بەسەرسورمانەوە ستایشی كرد.
بۆ ئێستاش كە سەرۆك بارزانی ئەم دەستپێشخەریەی راگەیاندووە بۆ ئەوەی حزبەكان كۆببنەوە و كێشەكانی خۆیان چارەسەر بكەن و كەسێكیش دەسنیشسان بكەن بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەربگرێت، ئەمە گەورەترین قوربانیدانە بۆ ئەوەی گەندەڵی سیاسی كۆتایی پێبێت و حزبەكان بەخۆدا بچنەوە و پرۆسەی سیاسی بخەنەوە سەر راستەرێی خۆی، هەروەكو بەشی هەرە زۆری حزبە سیاسیەكانیش لەوەڵامی ئەم دەستپێشخەریەی سەرۆك بارزانیدا گووتوویانە ( ئەم دەستپێشخەریەی سەرۆك بارزانی بواری موزایەدەی سیاسی بۆ هیچ لایەك نەهێشتۆتەوە).
لێرەوە پێویستە حزبە سیاسیەكان سوود لەم فرسەت و دەستپێشخەریەی سەرۆك بارزانی وەربگرن و ، بەراستگۆیانە بە خەڵكی كوردستان بڵێن كێشەكانیان چین، خۆ ئەگەر بیانەوێت بە جۆرێك لەمانۆری سیاسی مامەڵە لەگەڵ ئەم دەستپێشخەریە بكەن و ئاستەنگ دروست بكەن بۆ ئەوەی گەندەڵی سیاسی هەر بەردەوام بێت، ئەوا لەم حاڵەتەدا رێگەی دیكە نامێنێت بێجگە لەوەی سەرۆك و پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان بەناچاری بەدوای رێگەیەكی دیكەدا بگەرێن، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی هەم كوردستان پارێزراو بێت و هەمیش چیدیكە خەڵكی كوردستان لەوناو ئەو هەموو قەیرانانەدا نەژین.