سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ شاندی هەرێم بۆگفتوگۆ لەگەڵ عێراق کۆبوویەوە
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکومەتی هەریم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە پرسی بودجەی دووههزار و بیست کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک و ئەندامانی شاندەکە، وردەکاری ئەو رێککەوتنەیان خستەڕوو، کە لە ژێر رێنمایی و بە چاودێری سەرۆکی حکومەت لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق لە بارەی بودجەوە ئەنجامدراوە. شاندەکە ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق گەیشتووەتە دەرئەنجامی کۆتایی لەسەر پڕۆژەی بودجەی دووههزار و بیست.
ئەمەش یەکەمجارە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناخی سەرەتایی ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی فیدراڵ بەشدار بێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیوادارە رێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و داواش لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان و فراکسیۆنەکانی دیکە لە پەرلەمانی عێراق دەکات، لە قۆناخی داهاتوو کە پڕۆژەی بودجە دەچێتە پەرلەمانی عێراق، هاوکار و پشتیوان بن، لە چەسپاندن و پاراستنی ماف و شایستە داراییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.