توڕەیی عێراقیەکان دژی کونسولگەری ئێران دووبارە بوویەوە .. و حیزب اڵلە لەسەر هێڵە
بۆ جاری سێیەم توڕەیی و ناڕەزایی عێراقیەکان دژی دەست تێوەردان ئێران لە عێراق شەوی ڕابردوو بە سووتاندنی دەرگای سەرەکی کونسولگەری ئێران لە نەجەف بەرجەستەبوو و لە بەرامبەردا بەغدای پایتەخت جوڵانەوەیەکی سیاسی بەخۆوە بینی بۆ دەستنیشان کردنی جێگرەوەیەك لە شوێنی عادل عەبدالمەهدی بۆ پێکهینانی حکومەتێکی نوێ و بۆ ئەم مەبەستە سەرۆکی پەرلەمان بە پێی مادەی 76 ی دەستوور داوای لە سەرۆك کۆمار کردووە لە ماوەی 15 ڕۆژ کاندیدێکی نوێ دەستنیشان بکەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.
لە گەرمەی ڕووداوەکانی عێراق بـۆ پێکهینانی حکومەتێکی نوێ حیزب اڵلە ی لوبنان هاتە سەر هێڵ و لەم بارەیەوە سەرچاوەیەكی نزیك لە فەرمانگەکانی بڕیاردان لە بەغدا گوتی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی و محەمەد کەوسەرانی بەرپرسی دۆسێی عێراق لە حیزب اڵلەی لوبنانی لە هەوڵ دان بۆ دانانی کاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو ئەمەش لە کاتێك دا خۆپیشاندەران لە دوو ڕۆژی ڕابردوو لە بەغدا و شارەکانی باشووری عێراق بەردەوام بوون لە ناڕەزایی دەربڕین دژی باڵا دەستی ئێران لە عێراق.