شه‌پۆلێكی به‌فربارین و سه‌رما به‌ڕێوه‌یه‌، له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ پله‌ی گه‌رما ده‌چێته‌ ژیر سفر

دوای ده‌ست پێكردنی وه‌رزی باران بارین و سه‌رما بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان هاووڵاتییان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌، شه‌پۆلێكى به‌فر و باران هه‌رێمى كوردستان ده‌گرێته‌وه‌.

به‌ پێی پێشبینیه‌كانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان  كه‌ ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ بڵاوی كردۆته‌وه‌: “سبه‌ى پێنجشه‌ممه‌ 5/12/2019، هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌وێت ژێر كاریگه‌ریی نزمه‌ پاڵه‌په‌ستۆى ده‌ریاى سپیی ناوه‌ڕاست، كه‌ پێشبینی ده‌كرێ به‌فر له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌ سنوورییه‌كاندا ببارێت، هه‌روه‌ها باران و هه‌وره‌ برووسكه‌ هه‌رێمى كوردستان بگرێته‌وه‌”.

هه‌روه‌ها بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ به‌فرو باران  خێرایی با له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ بۆ سه‌روو 30 كیلۆمه‌تر له‌ كاتژمێرێكدا به‌رز ده‌بێته‌وه‌، پله‌ى گه‌رما 5 تا 6 پله‌ داده‌به‌زێت، له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ش نزمترین پله‌ى گه‌رمی بۆ ژێر سفر نزم ده‌بێته‌وه‌.

Back to top button