ئومێد خۆشناو: گۆڕان خۆل ئەكاتە چاوی خەلكو كا دەكاتە مێشكی هەڵسوڕاوانی
خواكوڕك
دوای ئەوەی رۆژی 14-12-2016 بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیێندراوێكدا خۆپیشاندانەكان دژی سروە عەبدولواحید بە هەڵمەتێك ناوبرد بۆ شێواندنی راستییەكان لەلایەن پارتی-یەوە, سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی رایدەگەیێنێت, ناڕەزایەتیەكان لە دژی قسەكانی ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان پەیامێك بوو بۆ گۆڕان دەشڵێت: “بزووتنەوەی گۆڕان له بری داوای لێبوردن له خەڵك و پێشمەرگەی توڕە، بە بەیاننامەیەك دەیەوێ ئەستۆ پاكی بۆخۆی و ناماقوڵی پەرلەمانتارەكەی بكات”.
ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وەڵامی بەیاننامەكەی گۆڕان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دەنوسێت :” تا ئێستا من نازانم ئەوان تێناگەن یان نایانەوێت تێبگەن كه ئەو توڕە بوونەی خەڵك و پێشمەرگە تەنها لەقسە بێ ماناكانی ئەو پەرلەمانتارە نییە، بەڵكو ئەوە توڕەبوونی جەماوەر و پێشمەرگە ئازاكانی كوردستانە، لەو مەدرەسەو فێرگەیەی كە بەشێوەیەكی زۆر مەنهەجی و بە بەرنامە دەیان هاوبیری وەك سروەی پێگەیاندووه، كە نرخی هیچ پیرۆزییەك نەزانن و قیەم و بەها لای ئەوان زۆر بێبەها بێت”.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەشنوسێت: ” بزووتنەوەی گۆڕان دەیانەوێ خۆڵ بكەنە چاوی خەڵك وكاش بكەنە مێشكی هەڵسوڕێنراوانیان، بەوەی گوایە ئەوە پارتییە بەقسەكانی سروە توڕە بووە، ئیتر هەڵگرانی ئەو بیرە شەڕانگێز و هیچ لەبار ، ئاشووبچی ، ئاژاوە گێڕ و حاقیدە دەبێت لەوە تێبگەن تەواو ئەو رۆژانە گوزەشت كە چیتر لێیان قبوڵ بكرێت پەنجە و زمان بۆ پیرۆزییەكانی گەل ببەن”
لە كۆتایی پۆستكەی فەیسبوك دەنوسێت:” خۆپیشاندانەكان پەیامەێك بوو مانای ئەوەیە چیتر لێتان قبوڵ ناكرێ و بۆتان ناچێتە سەر بێڕێزی دەرھەق بە پیرۆزییەكانمان بكەن، ئیتر بەكورتی و بەكرمانجی تێبگەن ئەوە پەیامەكەیە و تەواو”.