کارەبای هەرێمی کوردستان دەدرێتە کەرتی تایبەت
کەمال محەممەد ساڵح وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنەکان کێشەو گرفتەکانی ئاستی بەرهەم هێنان و دابەشکردنی کارەبای هەرێمی کوردستان باس دەکات و دەڵێت ، کێشەی گەورەمان دابین کردنی سووتەمەنییە ، هاوکات دەڵێت وا بڕیار دراوە کارەبا بدرێتە کەرتی تایبەت.
لە بەشێکی تردا کەماڵ محەممەد ساڵح دەڵێت نەبوونی سووتەمەنی بۆ دابین کردنی کارەبا لە هەرێمی کوردستان هۆکاری سەرەکی بڕانی کارەبایە ، چوونکە لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان ١٤ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا هەیە کە سەرجەمیان بڕی شەش هەزار و ٧٣٧ مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنن، ئەوەشی کە ئێستا بۆ خەڵک دابین دەکرێت بەشێوەیەکی بەردەوام لە ساڵی ٢٠١٩دا، بڕی سێ هەزار و ١٥٥ مێگاوات کارەبایە
بەپێی زانیاریەکانی وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لە ئێستادا ١٢ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە کە هەر یەکێکیان بڕی ١٢٥ مێگاوات بەرهەم دەهێنێت داخراون ، واتا ئێستا بەرهەمهێنانی زیاتر لە هەزار و ٦٠٠ مێگاوات کارەبا راوەستاوە بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی بۆیەش ناکرێت وەک پێویست کارەبای نشتیمانی دابین بکرێت