وەزارەتی پێشمەرگە بە توندی وەڵامی عەسایب دەداتەوە

خواكوڕك
دوای ئەوەی سەرۆكی گرووپی چەكداری عەسایب ئەهلی هەق(قەیس خەزعەلی) لە لێدوانێكیدا بۆ كەنالێكی عەرەبی پێشمەرگەی وەك بەربەستی بەردەم حەشدی شەعبی بینی لەدوای داعش, سەرۆكایەتی هەرێم وەڵامی سەرۆكی ئەو گرووپە چەكداریە دایەوە, ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی گرووپی چەكداری عەسایب جەختیان لە قسەكانی خەزعەلی كردۆتەوە, لە بەرانبەردا گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی لێدوانەكەی خەزعەلی‌و مەكتەبی سیاسی گرووپی چەكداری عەسایب دایەوە.

لە بەشێكی راگەێندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە:” قسەكانی خەزعەلی پڕە لە نەفەسی دوژمنكارانە، بەم گرووپە و سەرۆكەكەی ڕادەگەیێنین كەهەڕەشەكانتان بەرانبەر كوردستان شتێكی تازە نییە و هەروەها كردەوەكانیشتان لەدژی خەڵكی عێراق بۆ هەموو لایەك مەعلوومە. بە سەدان هاووڵاتیی عێراقییتان لەسەر ئینتمای مەزهەب و ناسنامە سەر بڕیوە و دەبێ لەسەر ئەم تاوانانە دادگایی بكرێن.
لە بەشێكی دیكەی راگەیێندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە:” گەلی كوردستان ئەنفال و كیمیابارانی سەدام و نانبڕینی مالیكی و هاوشێوەكانی بینیوە. ئێوەیش ئەگەر حەزتان لێیە ئەنفالێكی تر بەسەر گەلی كوردا بسەپێنن واز لە هەڕەشە بێنن و فەرموون خۆتان تاقی بكەنەوە با ئەنفالەكەی ئێوەیش ببینین.
هەروەها وەزارەتی پێشمەرگە دەلێت:” هیواخوازیشین ئەو لێدوان و هەڵوێستە نابەجێ و دوژمنكارانەیە تەنیا ڕوانگەی خەزعەلی و گرووپەكەی بێت و هەڵوێستی حەشدی شەعبی نەبێت.

 

دەقی راگەێندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە
لێدوانێك لە گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی هەڕەشەكانی خەزعەلی و گرووپە چەكدارەكەی
سەبارەت بە لێدوانە نابەجێكانی قەیس خەزعەلی سەرۆكی گرووپی چەكداری عەسایب ئەهلی هەق لە كاناڵی ئەڵڕەشید لەبارەی قۆناغی دوای داعش و سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان و هەروەها ڕاگەیێندراوی مەكتەبی سیاسیی ئەم گرووپە و جەختكردنەوەیان لە قسەكانی خەزعەلی كە پڕە لە نەفەسی دوژمنكارانە، بەم گرووپە و سەرۆكەكەی ڕادەگەیێنین كەهەڕەشەكانتان بەرانبەر كوردستان شتێكی تازە نییە و هەروەها كردەوەكانیشتان لەدژی خەڵكی عێراق بۆ هەموو لایەك مەعلوومە. بە سەدان هاووڵاتیی عێراقییتان لەسەر ئینتمای مەزهەب و ناسنامە سەر بڕیوە و دەبێ لەسەر ئەم تاوانانە دادگایی بكرێن.
گەلی كوردستان ئەنفال و كیمیابارانی سەدام و نانبڕینی مالیكی و هاوشێوەكانی بینیوە. ئێوەیش ئەگەر حەزتان لێیە ئەنفالێكی تر بەسەر گەلی كوردا بسەپێنن واز لە هەڕەشە بێنن و فەرموون خۆتان تاقی بكەنەوە با ئەنفالەكەی ئێوەیش ببینین.
هیواخوازیشین ئەو لێدوان و هەڵوێستە نابەجێ و دوژمنكارانەیە تەنیا ڕوانگەی خەزعەلی و گرووپەكەی بێت و هەڵوێستی حەشدی شەعبی نەبێت.
گوتەبێژێك لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان
15-12-2016

Back to top button