دەوڵەتی تورکیا گورچیلەی گەنجێکی رۆژئاوا دەدزێت

گەنجێکی خەڵکی درباسیە کە لەسەر سنوور لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بریندارکرابوو، براوەتە نەخۆشخانە و گورچیلەیەکی بە دزیەوە دەرهێنراوە.

باسل محەمەد نەزیر کە گەنجێکی تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی درباسیەی ڕۆژئاوای کوردستانە، دوو ساڵ لەمەوبەر دوای ئەوەی لەسەر سنوور لەلایەن سەربازانی تورکەوە بریندار دەکرێت، بە برینداری ئەشکەنجە دەدرێت و دەبردرێتە بارەگای سەربازی جەندەرمەکانی دەوڵەتی تورکیا لە شاری مێردین و دوای ئەوەش دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی قۆسەر.

باسل لە نەخۆشخانە نەشتەرگەریی بۆ دەکرێت و بۆ هاوکاریی خانەوادەکەی دەگەڕێتەوە بۆ درباسیە، دوای گەڕانەوەی نەخۆش دەکەوێت و دیسان دەیبەنە نەخۆشخانە و دوای پشکنین، لەوێ بۆی دەردەکەوێت کە گورچیلەیەکی دەرهێنراوە.

باسل خۆی وەها باسی ئەو ڕووداوە دەکات: کاتێك لە نەخۆشخانەی دەوڵەت لە قۆسەر بووم، لەژێر کۆنترۆڵی سەربازانی تورک نەشتەرگەریم بۆ کرا و گورچیلەی منیان دزی.

جێگای ئاماژەیە کە ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی سوریا، پێشتر دزییەکانی دەوڵەتی تورکی خستبووە ڕۆژەڤەوە و بانگی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردبوو لەسەر بابەتەکە لێکۆڵینەوە بکەن، هەروەها بانگەشەی لەو شێوەیە لەدژی دەوڵەتی تورک لەلایەن کۆچبەرانی سورییەوە، کە بەهۆی شەڕی ناوخۆیی چووبوونە تورکیا زۆرجار کەوتبووە ڕۆژەڤەوە.

ســەرچاوە: رۆژ نیـوز

 

Back to top button