سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا دەكات

ڕۆژی شەممە 7ـی 12ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی كرد لە جەیمس جێفری نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا و شاندێكی یاوەری كە پێكهاتبوو لە ستیڤ فاگین كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و جەنەڕاڵ ئێریك هێڵ فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا و ژمارەیەك ڕاوێژكاری سەربازی و سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا.

لە دیدارەكەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا ستاییشی ئەو ئارامی و گەشەسەندنەی كرد كە لە هەرێمی كوردستاندا لە ئارا دایە و جەختیشی لە پێشڤەچوونی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستانی كردەوە.

هەر لەو دیدارەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا سەرەخۆشیی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد بە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەك پێشمەرگە لە پەلامارەكانی ئەم دواییەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هەردوولا تەئكیدیان لە هەماهەنگیی و كاری هاوبەشی سوپای ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردەوە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوایین پەرەسەندنەكان لە پڕۆسەی سیاسیی و داواكاریی خۆپێشاندەران تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو و هەردوولا نیگەرانیی خۆیان لە پەرەسەندنی توندوتیژی و تێكچوونی سەقامگیریی عێراق نیشاندا كە كاریگەریی لەسەر خۆڕێكخستنەوە و زیادبوونی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش بە جێ بهێڵێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا دوایین گۆڕانكارییەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و هاوكێشە مەیدانییەكان تاوتوێ كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە لە هەر گۆڕانكارییەكدا پێویستە ڕێگە لە گۆڕینی دیموگرافیی ناوچەكە بگیرێت و چیتر ڕێگە نەدرێت گەلی كورد لە سووریا تووشی ئێش و ئازار و ئاوارەیی ببێت. پەیوەست بە بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا ڕایگەیاند كە پێویستیمان بە ڕاوێژ و هاوكاریی سەرۆك بارزانییە.

Image may contain: 3 people, people sitting and indoor

Back to top button