بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووك : ھاوردەكردنی عەرەبی شۆڤێنی بۆ كەركووك و دەوروبەری ئاشكرا دهكات
عەمید ئیدریس رەفعەت، بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووه: پڕۆسەی بەعەرەبكردنی كەركووك درێژەی ھەیە و بەردەوامیش عەرەبی شۆڤێنی لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە ھاوردەی كەركووك دەكرێن، بەپێی ئاماری بەردەستی ئێمە، دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، ٢٦ ھەزار خێزانی عەرەب ھاوردەی كەركووك كراون.
بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووك گوتیشی: چوار ھەزار لەو خێزانە ھاوردانە لە ناوچەكانی باشووری عێراقەوە ھاوردەی كەركووك كراون، جگە لە پڕۆسەی عەرەباندن و گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكە، ئێستا پڕۆسەی بەشیعەكردنی كەركووكیش دەستی پێكردووە.
عەمید ئیدریس ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: ھاوردەكردنی ئەو ھەزاران خێزانە عەرەبە لە كاتێكدایە، كە كارتی زانیارییان بۆ دروست دەكرێت لەسەر كەركووك، كەچی بە گوێرەی دەستووری عێراق، كەركووك ناوچەیەكی كێشەلەسەرە و تا یەكلاكردنەوەی چارەنووسەكەی نابێت دەستكاری بكرێت، بە تایبەتی ھاوردەكردنی خەڵكی دەرەوەی كەركووك و پێدانی كارتی زانیاری.