بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوە ژمارەی تەکسی لە کوردستان کەمدەکرێتەوە

 

دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا کە پێداچونەوە بە سیستەمی نوێی کارکردنی تەکسی بکات،  بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوە لە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكومەت دەڵێت “ژمارەی تەکسیەکان کەمدەکرێتەوە:.


سەڵاح جەوهەر بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوە لە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكومەت لەلێدوانێكیدا بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە، سیستمی نوێی كاركردنی تەكسی لای وەزارەتی گواستنەوە كۆتاییهاتوە و تەنیا لەسەر وەزارەتی ناوخۆ ماوە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، چونكە پڕۆژەكە پەیوەستە بەو بایۆمەتریەی ئەو وەزارەتە ئەنجامی داوە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی مەرجی شۆفێری تەكسیان تێدایە، لەئایندەیەكی نزیكیشدا بەسیستمی نوێ كاری تەكسییەكان دەستپێدەكات.

هەروەها بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوە ڕاشیگەیاندووە کە “بەپێی ستانداردی جیهانی هەر 250 بۆ 300 كەس، ئۆتۆمبێلێكی تەكسی پێویستە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بەپێی ئاماری بەردەست هەر 50 كەس تەكسیەكی بەردەكەوێت، ئەوەش ژمارەیەكی زۆرە و پێویستی بە پێداچونەوە هەیە”.

بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوەی هەرێم رونیكردوەتەوە، پلانی حكومەت لە رێكخستنەوەی تەكسییەكان كەمكردنەوەشیان دەگرێتەوە، ئەوانەشی مەرجیان تێدایە بەسیستمی پێشكەوتو دەكەونە كار و هەر تەكسیەك لەسەر جامی ئۆتۆمبێلەكە ناوی شۆفێر و ژمارەی ئۆتۆمبێل و ژمارەی تەلەفۆن و ژمارەكانی فریاكەوتنی لەسەر دەبێت، ئەوەش بۆ سەلامەتی گیانی سەرنشین و ناسینەوەی تەكسییە لەكاتی هەر روداوێكدا

Back to top button