سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێک لە سەر کوشتاری بێبەزەییانەی خۆپیشاندەرانی بەغدا بڵاو دەکاتەوە

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان باس لە دۆخی مەترسیداری خۆپیشاندانەکانی ئێستای عێراق دەکات و پەنجە دەخاتە سەر رووداوەکانی شەوێ ڕابردووی بەغدا .

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان راشکاوانە ڕایدەگەێنێت ئەوەی لە پردی سنەک و گۆرەپانی خلانی لە بەغدا رووی داو قوربانی لێکەوتەوە ، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت جیا لە جینایەت دژی مرۆڤایەتی .

 

دەقی راگەیێندراوەکەی سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان

به‌ نيگه‌رانييه‌كى زۆره‌وه‌ له‌ به‌رده‌واميى رووداو و تووندوتيژييه‌كانى به‌غدا و پارێزگاكانى ديكه‌ى عێراق ده‌ڕوانين. ئه‌و كوشتاره‌ى به‌رامبه‌ر به‌ خۆپيشانده‌رانى سڤيل له‌ پردى سنه‌ك و گۆڕپانى خللانى له‌ به‌غدا كرا، تاوانى بێ پاساون و تاوانكاران هه‌ر كێ و له‌ هه‌ر لايه‌نێكه‌وه‌ بن، داموده‌زگا و لايه‌نه‌ به‌رپرسه‌كانى عێراق ده‌بێ بياندۆزنه‌وه‌ و به‌پێى ياسا مامه‌ڵه‌يان له‌گه‌ڵدا بكرێت.

له‌كاتێكدا پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشيى قوڵمان ئاراسته‌ى كه‌سوكارى قوربانييان ده‌كه‌ين و هاوخه‌ميانين، هيواى زوو چاكبوونه‌وه‌ش‌ بۆ برينداران ده‌خوازين، دووپاتیده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ خۆپيشاندانى ئاشتيانه‌ و سڤيل، مافێكى ده‌ستووريى ره‌وا و پارێزراوه‌ و به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك قبووڵكراو نييه‌ ئه‌و زێده‌ڕۆييه‌ له‌ تووندوتيژى‌ به‌رانبه‌ر به‌ خۆپيشانده‌ر‌ان به‌كاربێت و بكرێنه‌ ئامانجى ده‌ستڕێژ و هێرشى له‌وجۆره‌.

ئه‌ركى هه‌موو لايه‌كه‌ به‌ گيانێكى نيشتمانيى به‌رپرسيارانه‌وه‌، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا بكه‌ن تاكو له‌ ده‌ست ده‌رنه‌چێت و پێشهاتى ترسناكتر روونه‌ده‌ن، چيتريش خوێن نه‌ڕژێت و هه‌مووان له‌ چوارچێوه‌ى ياسادا بجووڵێنه‌وه‌.

سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان

Back to top button