وەزیری نەوتی عێراق رێكەوتنی هەولێر و بەغدا ئاشكرا دەكات
لە دیمانەیەكی دا لەگەڵ كەناڵی رووداو وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەێنێت” قەیرانی نەبوونی متمانە لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو گۆڕانکارییانەی لەماوەی ئەم ساڵەدا روویاندا، لەسەرەتاوە هاتنی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی و هاتنی من بۆ وەزارەتی نەوت، هاتنی بەڕێز مەسعود بارزانی و هەروەها هاتنی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەو وانانەی لە ساڵانەی رابردووەوە هەبوون، نەک تەنیا لە بواری نەوتدا، بەڵکو لە هەموو بوارەکاندا، بواری ئابووری، سیاسەت و ئاسایش، ئەمە بڕوایەکی دروستکرد کە ئەم کێشەیە کێشەی نەوت، بە دیاریکراوی دەبێت چارەسەربکرێت و تاکە رێگەش بۆ چارەسەرکردنی گفتوگۆیە، بۆیە گفتوگۆ ماوەی چەند مانگێکە دەستیپێکردووە.
هەروەها سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق دەشلێـ”هەروەها حیکمەتێک لای براکانمان لە هەرێمی کوردستان دروستبوو کە رێگەی هەولێر بەغدایە نەک پایتەختێکی دیکە یان دەوڵەتێکی دیکە، ئێمە یەک وڵات و یەک گەلین لەگەڵ رێزمان و تایبەتمەندیی گەلی هەرێم و برا کوردەکانمان، بۆیە رژدییەک هەبوو، من خۆم ئەوەم بینی، رژدی لەلایەن هەردوولاوە هەبوو بۆ پتەوکردنی متمانە و گەیشتن بە چارەسەرگەلێک کە توانای بەردەوامبوونی هەبێت”.
عەزبان لەبارەی بۆچوونی جیاواز دەشلێـ”بەڵێ بۆچوونی جیاواز و بەرژەوەندی جیاوز هەن، بەڵام ئەو حیکمەتەی هەبوو ئەوەبوو کە دەبێت بە رێککەوتنەوە دەربچین و بردنەوە و دۆڕاندن نییە، ئەگەر رێکنەکەوین هەردوولا دەدۆڕێین و ئەگەر رێکبکەوێن هەردوولا سەردەکەوی و دەیبەنەوە، لە کۆتاییشدا سوودی دەبێت بۆ گەلی عێراق لە هەموو شوێنێکدا، ئەگەر لە هەولێر، یان بەغدا و بەسرە یان ناوچەکانی دیکەی عێراق بێت، بۆیە پاش گفتوگۆیەکی بونیادنەر و ئەرێنی و بابەتییانە گەیشتینە ئەوە”.
لەبارەی ئاستی وەبەرهێنانی وەزیری نەوتی عێراق دەشلێ” ئاستی بەرهەمهێنان لە هەرێم رۆژانە 450 هەزار بەرمیل بێت، 250 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی بەرهەمهێندراو لە هەرێمی کورداتنەوە رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت دەکرێت لە جەیهان و ئێمە تێچووی گواستنەوە لە ئەستۆدەگرین ئەمەش لۆژیکییە چونکە خزمەتگوزارییەک هەیە پێشکێش دەکرێت بۆ گواستنەوەی نەوت”.
هەروەها عەزبان دەشلێـ”هەرێمی کوردستان رۆژانە 200 هەزار بەرمیلەکەی دیکە بەکاردەهێنێت بۆ پێدانی مافە داراییەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان ئەگەر تێچووی بەکارخستن بێت یان وەبەرهێنان یان ئەوە پێی دەگوترێت نەوتی قازانج چونکە رێککەوتن پشکدارییە لە بەرهەمهێنان، رێککەوتن لەسەر ئەمە کراوە و پێشبینی دەکەم ئەم رێککەوتنە لە یاسای بودجەدا جێیدەکرێتەوە و سەرەتایەک دەبێت بۆ پتەوکردنی متمانە و پابەندبوونی هەردوولا بە دەستکەوتنی مافەکان و لە هەمانکاتیشدا پابەندبوونیان بە فەراهەمکردنی پابەندییەکان.
سامر غەزبان هەروەها گوتیشی” لە دوای پەسندکردنی یاسای بودجە، دانوستاندن یان نەبوونی پتەویی متمانە روونادات، پێکەوە دەست لەناو دەست کاردەکەین دوور لەوەی کە کێ وەزیری دارایی دەبێت یان نەوت یان ئەوەی کێ سەرۆکی حکومەتی داهاتوو دەبێت، پەنا بە خودا حکومەتێک دێت کە خەمی یەکەم و کۆتایی خزمەتکردنی گەلی عێراق و پێشکەشکردنی باشترین خزامەتگوزاری دەبێت بۆیان.
لە وەڵامی پرسیاری ئایا کەمکردنەوەیەی لە بەرهەمهێناندا لە رێکەوتنی ئۆپێک روویدا کاریگەری دەبێت لەسەر رێککەوتنەکە؟ غەزبان لە وەڵامدا رایگەیاند” نەخێر ئەو 50 هەزار بەرمیل رۆژانەیە کەمکردنەوەیەکی گەورە نییە و ئێمە دەتوانین بیکەین، لە رێگەی کەمکردنەوەی سووتاندنی نەوتی خاو لە وێستگەکانی کارەبا، پێموایە ئەوەش دەکرێت چونکە لە هاوینی ساڵی رابردوودا ناچاربووین رۆژانە 200 هەزار بەمیل نەوت بسووتێنین، دەبێت رێکاری هونەری بگرینەبەر و سووتاندنی نەوتی خاو کەمبکەینەوە و جێگرەوە بەکاربهێنین، پێموایە ئەمەش لەڕووی هونەرییەوە دەکرێت.
سامر غەزبان هەروەها لەبارەی سود وەرگرتن لە بۆری نەوتی كوردستان و سود وەرگرتن لەو بۆریە گوتیشی” ئەوە لە چوارچێوەی سیستەمی عێراقیدا دەبێت و بۆرییەکە هەیە و بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئەو بۆرییەوە دەچێت، تەنانەت تاوەکو ئێستا بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی کەرکووکیش لە رێگەیەوە دەڕوات، هەر بۆرییەک، بۆ نموونە بۆ ئەوەی ورد بین، ئەگەر بۆرییەک لە کەرکووکەوە رابکێشرێ هاوشانی بۆرییە کۆنەکە تاوەکو دەگاتە وێستگەی پێواندن لە پێشخابوور، ئەمە توانای عێراق لە هەناردەکردندا زیاد دەکات و ئاسانکاری بۆ دەکات، نابێتە جێگرەوە بۆ ئەو بۆرییەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بۆرییەکەی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت بۆ نارندنی بەرهەمی ئەو کێڵگانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەن کە ئێستا بەشێکیان پێشدەخرێن و فراوان دەکرێن، بۆیە هیچ کێشەیەک لەوبارەیەوە نییە، بەڵکو پێشخستنی توانای عێراق دەبێت بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو.