سلێمانی بەرەوکوێ ؟

نیاز حاجی
 
لەسایەی دەسەڵات و باڵادەستی یەکێتی و گۆڕاندا پرۆسەی خوێندن لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەدا پەکی خراوە ، نزیکەی ۷٠٠ هەزار قوتابی و خوێندکار بێبەش کراون لە خوێندن ، کاریگەری وەستانی ئەم ساڵی خوێندن ، تا ۱٦ ساڵی تر بەسەر پرۆسەی خوێندنی ئەم دوو پارێزگایەدا دەمێنێت .
تەواوی جومگەکانی ژیان توشی قەیران وداتەپین بوەتەوە .
 
کۆمپانیا گەورەکانی بواری نەوت کارەکانی خۆیان هەڵپەساردوە ، لە چەندین بلۆکی گەورە پاشەکشەیان کردوە ، بەشێکی زۆری سەرمایەداران خەریکی کێشانەوەی کۆمپانیا و سەرمایەکانی خۆیانن .
لێرە و لەوێ گروپی بچوکی میلیشیا و مافیا واخەریکە دروست دەبن و هەڕەشە لەو جومگانەی ژیان دەکەن کە بونیان ماوە .
 
رۆژ دوای رۆژ ، پەکەکە زیاتر شوێن پێی خوی لەو سنورەدا بەهێز دەکات و ژمارەی ئەو منداڵانەی کە دەدزرێن زیاتر دەبن .
 
بۆ سێیەم جارە لە ناوچەکانی دووردەست ، گروپ و مەفرەزەی تیرریستی داعش دەبینرێن ….
ململانێی نێوان گۆڕان و یەکێتی لەلایەک ، ململانێی ناوباڵەکانی یەکێتی لەلایەکی تر و زاڵبونی کەش و هەوای ئیرهابی فکر ، هەروەها بونی راگەیاندنێکی نابەرپرسی لەلایەن مالیکی ئاراستە کراو و زاڵبونی هەژمونی ئێران ، ئەوانە وایان کردوە کە بێ هیوایی و رەشبینی باڵ بەسەر ئەم دانیشتوانی ئەم سنورەدا بکێشێت .
 
وەک (اصحاب الکهف) زۆرینەی دانیشوانی ئەو سنورە خوێنراون لەلایەن یەکێتی و گۆڕان و راگەیاندنێکی بێویژدانەوە ، ئەوەی بێداریش بێت ، لەترسی ئیرهابی فکر ناوێرێت هیچ هەڵوێستێک بنوێنێت و دەنگی بەرزبکاتەوە .
 
تەواوی بەها باڵاکان لە چوارچێوە و ناونیشان و چەمکی پێچەوانە و ساختە و چەواشەکاریدا ، دوبارە پێناسەکراونەتەوە .
لە ژێرناونیشان و چەمکی رۆشەنبیریدا هەڵویست و کاری بنیاتنەر بریتیە لەوەی کە چۆن دەتوانی پەکی ژیان بخەی ، چۆن دەتوانی بەها باڵاکان ، ئەتک بکەی ……هتد
Back to top button