ئەو بەرپرسانەی زێدەرۆیان كردۆتە سەر كارەبا و سەرپێچییان كردووە دەستگیر دەكرێن.. تا یەك مانگ مۆڵەتیان هەیە
یەك مانگ مۆڵەت دراوە بە ھاوبەشانی كارەبا ئەوانەی كێشەیان لە پێوەردا ھەیە، یانیش ئەوانەی بە زێدەڕۆ كارەبایان راكێشاوە، بەرێوەبەری گشتی كارەبای هەولێر رایگەیاند كە پێویستە هاوڵاتیان پەلە بكەن بۆ ئەوەی بەر لێخۆشبوونی حكوومەت بكەون.
بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای ھەولێر (حوسێن حەمەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووە “دوای دەرچوونی بڕیاری حكوومەت لەبارەی نەھێشتنی كارەبای زێدەڕۆ و چارەسەركردنی ئەو كێشانەی پێشتر لە پێوەری كارەبادا ھەبوون، رۆژانە ژمارەیەكی بەرچاوی ھاووڵاتیان سەردانی فەرمانگەكانی كارەبا دەكەن و بەپێی ئاماری بەردەست تەنیا لە ماوەی پێنج رۆژدا ٥٨٠ ھاوبەشی كارەبا ئەوانەی كێشەی پێوەریان ھەیە یانیش زێدەڕۆییان كردووە، سەردانی فەرمانگەكانی كارەبایان كردووە، ھەروەھا ٧٥١ كەسیش كە پێكھاتەكانیان بە زێدەڕۆ دروست كردووە، سەردانی فەرمانگەی كارەبایان كردووە، ئەوانەشی پێوەریان نییە ژمارەیەكی یەكجار زۆر روویان لە بەشەكانی فرۆشیاری وزە كردووە”.
هەروەها راشی گەیاندووە” حكوومەت لە پارەی غرامە و سزای سەر ھاووڵاتیان خۆش بووە، بۆ ئەوەی ھەموو كەسێك پابەند بێت بە گرێدانی پێوەری كارەبا، لەبەر ئەوەش ژمارەیەكی بەرچاوی ھاووڵاتیان روویان لە فەرمانگەكانی فرۆشیاری وزە كردووە”.
حوسێن حەمەد لەبارەی قەرەباڵغی لەسەر فەرمانگەی كارەبا دەشلێـ”بڕیارەكە تەنیا بۆ ماوەی یەك مانگە و پێویستە لەسەر ھەموو ھاووڵاتییەك تا كۆتایی ئەمساڵ كێشەی زێدەڕۆیی سەر كارەباكە چارەسەر بكات، تا بەر بڕیاری لێخۆشبوونی حكوومەت بكەوێت و بە پێچەوانەوە سزای یاسایی بەدواوەیە”.
هەر لەبارەی زێدەرۆیەكانی ئەو بەرپرسانەی كە كارەبایان بە زێدەرۆی راكێشاوە، بەرێوەبەركە دەلێـ”لە دیوانی پارێزگای ھەولێر كۆبوونەوەیەك بەڕێوە دەچێت و چی پێویست بێت لەو بارەیەوە بڕیاری لێ دەدرێت، ئینجا ناوەكانیان ئاشكرا بكرێت بۆ رای گشتی یانیش لەگەڵ دەستپێكردنی ھەڵمەتی بڕینی كارەبای زێدەڕۆ سەرپێچیكاران دەستگیر بكرێن و رووبەڕووی یاسا بكرێنەوە”.